وەزارەتی دارایی حجز دەکاتە سەر ژمارەیەک کۆمپانیای نەوت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڕیاریدا حیجز بخاتە سەر چەند كۆمپانیایەكی بواری نەوت بەهۆی پابەند نەبونیان بە دانی باج.
لە نوسراوێكدا بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەكان و خانوبەرەی میری سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوری کە ئاڕاستەی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر كراوە تیایدا هاتوە، "بە پشت بەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارەی (13)ی 7/8/2019 داوا لە بەرێزیان دەكەن كە بەهۆی پابەند نەبونیان بە دانی باج، نیشانەی گلدانەوە بخەنە سەر چەند كۆمپانیایەكی بواری نەوت".
مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان 11 بڕیاری بۆ رێکخستنەوەی باج دەرکرد و بەرێژەی جیاواز باجی خستەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت، کۆمپانیاکانی نەوت، کارمەندانی بیانی، ئۆتۆمبێلی گرانبەها، ریکلام، ریستۆرانت، هۆتێل و لێدانی ستیکەر لەسەر بەرهەمی جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان و لێخۆشبوونیشی لەهەموو جۆرە باجێك هەڵوەشاندەوە.
هاوکات لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە بڕیارەکەی حکومەت چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆمپانیاکانیش رەخنەی ئەوە دەگرن بڕیارەکە رەچاوی داهات و کارکردنی کۆمپانیاکان ناکات، بۆ "نایاسا"بوونی بڕیارەکەش بەڵگەی ئەوە دێننەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە باجی 2021-یان لێوەرگیراوە لەکاتێکدا باج لەسەر داهاتی ساڵانە دادەنرێت بەگوێرەی رێژەیەک کە بەیاسا دیاریدەکرێت.
