وەزارەتی کارەبای عێراق: بەرهەمهێنانی کارەبا زیادی کردووە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای بۆ 20 هەزار و 662 مێگاوات کارەبا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر نزیکەی 18 هەزار و 500 مێگاوات بوو.

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتەکانی نەوت، سەرچاوەکانی ئاو، بەرگریی و ناوخۆ، پشتیوانی وەزارەتن لە رێگەی ئەوەی هێزەکانیان پاسەوانی لە ژێرخانی کارەبا دەکەن، کە تاوەکو ئێستا دەکرێنە ئامانج، بەڵام ئێستا ئەو هێرش و ئامانجکردنە کەمبوونەتەوەتەوە. 

جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکان بەردەوامن، ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێنراوە بۆ پشتیوانیکردنی لە کار و بەرهەمهێنانی کارەبا و  چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی کارەبا.

عێراق ئێستا پێویستی بە نزیکەی 30 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەم دواییانە بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وڵاتە بۆ 13 هەزار و 500 مێگاوات دابەزی.

یەکێک لە سەرچاوەکانی عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا، وڵاتی ئێرانە کە بە پێدانی گاز و کارەبا 40٪ی بەرهەمی کارەبای عێراق دابیندەکات، بەڵام هاوینی گەرمی ئەمساڵ ئێرانیشی تووشی گرفتی کەمیی کارەبا کردووە.

ئێران دەڵێت، حکومەتی عێراق 6 ملیار دۆلار قەرزاری تارانە لە بری گاز و کارەبا. حکومەتی عێراقیش دەڵێت، بەهۆی گەمارۆ بانکییەکانی سەر ئێرانەوە ناتوانێت قەرزەکەی بداتەوە.

کەڵەکەبوونی چەندین کێشەش وایکردووە، خراپی رەوشی کارەبا لە عێراق چارسەری بەپەلەی نەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێ؛ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا لە عێراق ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 20 هەزار مێگاوات و ئەوە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایە بەدرێژایی مێژووی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بۆ دابینکردنی کارەبا رۆژانە 24 کاژێر پێویستمان بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 28 هەزار مێگاوات کارەبایە.

رۆژی 2/7/2021 سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهێنانی شانەی قەیرانی بە سەرۆکایەتیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمیی دابینکردنی تەزووی کارەبا لە هەموو عێراق راگەیاند و چەند بڕیارێکی دیکەی دا لەوانە؛ خێرا دابینکردنی هەموو پاڵپشتییەکی دارایی و تەکنیکی و لۆجستی و ئەمنی بۆ وەزارەتی کارەبا، بەشداریپێکردنی حکومەتە خۆجێکان لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا و دابەشکردنی، نەهێشتنی زێدەڕۆییەکانی سەر سیستەمی تەزووی کارەبا و پێبژاردنی ئەو کەسانەی کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر سیستەمی کارەبا.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار