لەهەولێر گازوایلی موەلیدەیەك بووە هۆی سوتانی مزگەوتێك
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئاگرێک لە مزگەوتی حاجی بارۆگەندی لە گەڕەکی نازناز ی هەولێر کەوتووەتەوە و تیایدا چوار کەس بریندار بوون قایمقامی هەولێررایگەیاند:" تانکی گازوایلی موەلیدەکە تەقیوەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە زیان بە مزگەوتەکە و ئۆتۆمبێلەکە کە لەنێو حەوشەی مزگەوتەکە بووە، لەگەڵ ئەو زیانە گیانیانەی لێبکەوێتەوە" .
بەهۆی ئاگرەکەوە سێ کەس برینداربوون و بە هۆکاری درەنگ گەیشتنی ئەمبوڵانسەوە بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و تایبەت رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
جێی ئاماژەی، بەدەر لە زیانی گیانی مۆلیدەی مزگەوتەکە و ئۆتۆمبێلێک بەتەواوی سوتاون و زیان بەر ناو مزگەوتەکەش کەوتووە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، لە شوێنی رووداوکە بە رایگەیاند: " ئەمڕۆ ئاگرێک لە مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی لە گەڕەکی نازنازی شاری هەولێر کەوتەوە، بەهۆیەوە بەشێکی مزگەوتەکە بە تەواوەتی سووتا، هاوکات ئۆتۆمبێلێکیش کە لە نێو مزگەوتەکە بووە ئەویش بەهۆی ئەو رووداوەوە بە تەواوەتی سووتاوە".
لەبارەی زیانە گیانییەکانیش، نەبەز عەبدولحەمید وتی: "لە رووداوەکە چوار کەس بریندارن، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراون، پێناچێت باری تەندروستییان جێگیر بێت".
لەبارەی ناسنامەی بریندارەکانیش قایمقامی هەولێر وتی: "یەکێک لە بریندارەکان خاوەنی مزگەوتەکەیە، لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە لەگەڵی کاریان کردووە، هاوکات کرێکارێکی بیانیش بە سووکی بریندار بووە".
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەدا، "رووداوەکە لەکاتی چاککردنەوەی موەلیدەی مزگەوتەکە بووە، کە لە دەرەوەی مزگەوتەکە بووە، تانکی گازوایلی موەلیدەکە تەقیوەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە زیان بە مزگەوتەکە و ئۆتۆمبێلەکە کە لەنێو حەوشەی مزگەوتەکە بووە، لەگەڵ ئەو زیانە گیانیانەی لێبکەوێتەوە".
بە وتەی نەبەز عەبدولحەمید هەر لە دوای رووداوەکە، "تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگریش لەوە بکەن ئاگرەکە تەشەنە بسێنێت بۆ نێو هەموو مزگەوتەکە، ئەگەرچی ئاگر کەوتنەوەکە بەهۆی کارکردن بووە لە موەلیدەکە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کەمتەرخەمییەکە لەکوێوە بووە".
