200 ملیار دینارەکە گەیشتە هەرێم
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" بڕی 200 ملیار دینار لە بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر خرایه سهر هەژماری وەزارەتی دارایی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تهمموزی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت:"ئەمڕۆ کاژێر 02:00ـی پاش نیوهڕۆ لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکەمین بڕە پاره لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق کە بڕی 200 ملیار دینارە، خرایه سهر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر".
15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی یسای بودجەی 2021، 12.67٪ـی زیاتر لە 130 تریلیۆن دینارەکەی بودجەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانە. هەولێر و بەغدا سەرەڕای پابەندییان بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە، لەسەر ناردنی مانگانە 200 ملیار دیناری بڕیارلێدراو کۆکن.
هەر ئەوکات، د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "بڕیاردراوە مانگانە 200 ملیار دینارمان بۆ بنێرن بۆ شەش مانگی رابردووش، هیواخوازین ئەو بڕە پارەیە بە زووترین کات بگاتە ھەرێمی کوردستان."
رۆژی چوارشەممە 31ـی ئاداری 2021 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەر بوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانە.
