كیتۆ جێگە بەلەشجوانی لێژ دەكات

بەشێك لەهاووڵاتیان خوو دەدەنە بەرنامەی سیستمی خۆراكی كیتۆ تا كێشیان داببەزێنن لەجیاتی ئەوەی لەهۆڵی لەشجوانیدا وەرزش بكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

بەشێك لەهاووڵاتیان بۆ دابەزاندنی كێشی زۆریان روودەكەنە هۆڵەكانی لەشجوانی و وەزشی تێدا دەكەن، بەڵام بەشێكی دیكە سیستمی خۆراكی كیتۆ بەكاردەهێنێت بۆ خێرا دابەزاندنی كێش، لەوبارەیەشەوە پزیشكی پسپۆر هۆشداری دەدات كەدەبێت لەژێر چاودێری پزیشك و رێنماییەكاندا بێت ئەگەر نا تووشی نەخۆشی جیاواز دەبنەوە.

كیتۆ یەكێكە لەو بەرنامە خۆراكیەی كە لەجیهاندا بۆ دابەزاندنی كێش و چارەسەركردنی نەخۆشی و كەمی ڤیتامینات بەكاردێت و لەئێستاشدا لەكوردستان لەلایەن بەشێك لەهاووڵاتیانەوە پەیڕەو دەكرێت تاكێشی زۆریان داببەزێنن.

زارا حەسەن تەمەن (40) ساڵ،  كێشی (110) كیلۆ بووە، پێشتر زیاتر لەهەشت مانگ چۆتە هۆڵی لەشجوانی و (30) كیلۆ لەكێشی دابەزاندووەو وتیشی:» زۆر سوودم لەسەردانكردنی هۆڵی لەشجوانی بینیوە، بەڵام كاتێكی زیاترت پێویستە تا ئەوكاتەی كێش داببەزێنیت».

زارا باسی لەوەشكرد دوای ماوەیەك پشوودان كێشی (12) كیلۆیەك زیادی كردووەتەوەو جارێكی دیكە لەڕێگەی سەردانی پزیشكییەوە بەڕێنمایی تەندروستی بیری لەوەكردووەتەوە كەكێشی زیاتر داببەزێنێت، وتی:»لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا (22) كیلۆ لەكێشم دابەزاندووە بە بەرنامەی خۆراكی كیتۆ، گرنگی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە زوو كێشم دادەبەزێت و هەستی برسێتیم نیە، دەتوانم زاڵبم بەسەر خۆمدا».

 لەهەمان كاتدا نامۆ جەزا، تەمەن (41) ساڵ كەسێكی دیكەیە كە بەهۆی بەرنامەی خۆراكی كیتۆوە  تووشی كێشەی تەندروستی بووەو وەك خۆی دەڵێت:» ماوەی زیاتر لەساڵێكە بە نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەناڵێنم، كێشم (١٢٢) كیلۆ بووەو ئێستا (74) كیلۆم».

 نامۆ دەشڵێت:» بەهەموو ژیانم خەوم بەئەوەوە دەبینی كە كێشم دابەزێت كەهەموو كەس پێی سەیر بوو لەو ماوەیەدا (48) كیلۆ داببەزێنم».

بۆ كێش دابەزاندن لەڕێگەی بەرنامەی خۆراكییەوە یان سەردانكردنی هۆڵەكانی لەشجوانییەوە دەبێت، كە لەئێستادا زۆربەی هاووڵاتیان پەنای بۆ دەبەن.

شاتوو جەبار، راهێنەر لەیەكێك لەهۆڵەكانی لەشجوانی لەسلێمانی، بەهاوڵاتی وت :» ئێمە تابتوانین رێنمایی خەڵكی بەتایبەتی ژنان دەكەین لەڕێگەی وەرزشكردن و سەردانیكردنی هۆڵەكانی لەشجوانیەوە كێشیان دابەزێنن، چونكە كەسەكە كالۆری زۆر دەسوتێنێت و وزەی خۆی بەكاردەهێنێت و بۆ توندبوونەوەی پێست وەرزشەكە باشترە».

وەك راهێنەر جەختی لەوەشكردەوە وەرزشكردن باشترین رێگەیە بۆ كێش دابەزاندن و وتیشی :» راستە ماوەیەكی زیاترت دەوێت تادەگەیتە ئەو كێشەی خۆت مەبەستە، بەڵام بە بەرنامەیە و دواتر تووشی كێشەی تەندروستی و جەستەیی نابیتەوە».

شاتوو جەبار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد زۆربەی بەرنامە خۆراكییەكان بەتایبەت»كیتۆ»، كێشەی دوای دەستهەڵگرتنیان لەبەرنامەكە هەیە، كەزۆربەی ئەوانە تووشی سكچون و رشانەوە و شلبوونەوەی پێستی لەش دەبن و لەكۆتایدا نەخۆشی گورچیلە و ئازاری گەدەیان تووش دەبێت.

ئەوانەی سەردانی هۆڵەكانی لەشجوانی دەكەن لەماوەی مانگێكدا دوو بۆ سێ كیلۆ لەكێشیان دادەبەزێت، بەڵام لەڕێگەی بەرنامەی خۆراكییەوە لەماوەی مانگێكدا زیاتر لە (10) كیلۆ لەكێش دادەبەزێت.

سۆران عوسمان، خاوەن و راهێنەر لەهۆڵی لەشجوانی سۆران جیم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پێویستە هەموو مرۆڤێك بۆ كێش دابەزاندن پەیڕەوی بەرنامەی خۆراكی و وەرزشكردن بكات، تا هەردووكیان پێكەوە هەم كێشی دابەزێت و ببێتە خاوەن جەستەیەكی جوان و لەڕووی تەندروستیشەوە تووشی كێشەی تەندروستی نابێت».

ئەم راهێنەرە ئەوەشی روونكردەوە رێجیمكردن چەندین كێشەی تەندروستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت  بەتایبەت بەرنامەی خۆراكی كیتۆ كە بەهیچ شێوەیەك كاری پێناكەن بەو پێیەی كەمترین كاربۆهیدرات وەردەگرێت و زۆرین چەوری دەتوێنێتەوە.

سۆران عوسمان جەختی لەوەشكردەوە» لەوانەیە بەرنامەی خۆراكی كیتۆ لەهەندێك كەسدا نەجاحەتی زۆر باشی هەبێت، بەڵام ئەوەیە بۆ هەموو كەس باش نیە».

پزیشكێكی پسپۆری خۆراكی باس لەبەرنامەی سیستمی خۆراكی كیتۆ بۆ دابەزاندنی كێش دەكات و دەڵێت:» ئێستا زۆربەی خەڵكی حەزی بەبەرنامەی خۆراكی خێرا هەیە بۆ كێش دابەزاندن».

ئیسرا كەمال، پزیشكی پسپۆری خۆراكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كیتۆ لەكۆندا بۆ نەخۆشی گەشكە و ئێستاش بۆ نەخۆشی شەكرەو كەمكردنەوەی چەوری سیانی لەخوێن و رێككرنەوەی كێشەی هێلكەدان و  ئێستاش بۆ كێش دابەزاندن بەكاردەهێنرێت».

ئەم پزیشكە ئەوەی روونكردەوە ئێستا زۆربەی خەڵكی حەزی بەبەرنامەی خۆراكی خێرا هەیە بۆ كێش دابەزاندن و وتی:» زۆربەی كەس كەدێتە لامان ئەوە پێشنیار دەكات كەكێشی زوو دابەزێت و هەستی برسێتی كەمدەكاتەوە و لەماوەیەكی كەمدا چەند كیلۆیەكی زۆر لەكێشی دابەزێت».

دكتۆرە ئیسرا پێشیوابوو هەموو بەرنامەیەكی خۆراكی و بەتایبەتیش بەرنامەی خۆراكی كیتۆ پێویستە بەپێی نەخۆشی كەسەكەو بونیەتی جەستەیی و كێشەكەی دیاری بكرێت و دەبێت لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆردا بێت بەشێوەی زانستی، ناكریًت تەنیا پلانێك بێت و دواتر كێشی دوو ئەوەندە زیادببێتەوە.

لەبارەی سودەكانی كیتۆوە ئەوەی روونكردەوە كە بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكرە مرۆڤەكان دەپارێزێت و لەماوەیەكی كەمدا كێشی زۆر دادەبەزێت، بەڵام بێگومان بە بەرنامەیەكی پزیشكی نەبێت زیانیشی هەیە، دەبێتە نەقسی ڤیتامینەكان و لەبری سوود زیان بەكەسەكە دەگەیەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار