هەڤاڵ ئەبوبكر: ئەگەر نانێكیان هەیە لەگەڵ کەمئەندامان بیكەن بە دوو لەتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی هاتە ناو خۆپیشاندانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی رایگهیاند:" سەرمایەدار و بازرگان و خێرخواز و هەموو خەڵكی كوردستان ئەگەر نانێكیان هەیە لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بیكەن بە دوو لەتەوە، چونكە هاوكاری كردنیان ئەركێكی ئایینی و مرۆیی و نیشتمانی و ویژدانی و ئەخلاقییە".
ئەمڕۆ دووشهممه 12ی تهمموزی 2021، هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی هاتە ناو خۆپیشاندانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و داوای لەسەر جەم سەرمایەدار و بازرگان و خێرخواز و هەموو خەڵكی كوردستان كرد ئەگەر نانێكیان هەیە لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بیكەن بە دوو لەتەوە، چونكە هاوكاری كردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئەركێكی ئایینی و مرۆیی و نیشتمانی و ویژدانی و ئەخلاقییە، ناكرێت ئەم ئازیزانە هەبن و ئێمە بێ خەم سەربنێینەوە، سەر بكەینە سەر سەرین و خەیاڵمان لای ئەو ئازیزانە نەبێت.
هەڤاڵ ئەبوبكر وتیشی: داوا لەسەرمایەدار و بازرگان و خێرخوازان دەكەم ئەگەر بە سەوەتەیەك خواردنیش بێت پشتیوانی لەو ئازیزانە بكەن و ڕاستەوخۆ ئەو خواردنانە بگات بە دەستی ئەو كەسانەی كە پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی جەژنێك لەم دۆخە قەیرانیاوە بەڕێ بكەن.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەك لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەشاری سلێمانی لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە و بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ داوای نانی جەژنیان كرد.
