میدیای فەرمی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆک ناساند

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

میدیاكانی یەكێتی بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیان وەکو سەرۆکی یەکێتی ناساندو پاشگری "هاوسەرۆک" یان لابرد.

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی، لەدەباشان پێشوازیكرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ھاوپەیمانی نەسر و سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عیراق میدیای فەرمی یەكێتی ڕاگەیاندراوی كۆبونەوەكی بڵاوكردەوە و بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیان وەکو سەرۆکی یەکێتی ناوهێنا.

لە دیدارەکەدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و کەشێکی گونجاوکراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ببێتەمایەی سەقامگیری سیاسی و رەزامەندی هەموولایەنەکان.

بە پێی راگەیێندراوەکە بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆی هاوکێشەکان نەخشەڕێگا و ستراتیژیی نیشتمانی و روونی یەکێتی خستەڕوو و یەکخستنی هێز و توانا و بۆچوونە جیاوازەکانی دووپاتکردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکان و گەیشتن بەچارەسەری ریشەیی کێشەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە: "دەمانەوێت ماڵی کورد رێکبخەینەوە و دیدی هاوبەشمان هەبێت بۆ پرسەکان. پێکەوە کوردستان بەرەو کەناری ئارامی و سەقامگیری ببەین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە برا و هاوڕێکانمان دەبێت لە هێزە شیعی و سوننەکان و سەرجەم هێز و لایەنەکانی دیکە کە پشتیوانمان بن و پێکەوە وڵاتێکی دامەزراوەیی بونیادبنێن و گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان ببووژێنینەوە. ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات".

هاوكات شه‌وی رابردوو بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ڕاگەیاندراوی فەرمی كۆبونەوەكە بڵاونەكراوەتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار