مەسرور بارزانی: بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی بریندارانی زیقار ئامادەین

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانییانی روداوی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەکەی زیقار دەربڕی و دەڵێت، "وەزیری تەندروستیم راسپاردووە هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ بریندارانی نەخۆشخانەی ناسرییە پێشکێش بکات."

​ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ته‌مموزی 2021، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پەیامێکی لەبارەی روداوەکەی ناسرییە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هاوخەمی دانیشتووانی زیقارین بۆ ئەو رووداوە ناخۆشە."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی "دڵمان لەگەڵ خەڵکی زیقار و هەموو وڵاتەکەیە بۆ ئەو وێنە بە ئازارانەی کە لە ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەکە بینیمان، هاوخەمی خێزانی ئەوانەم کە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون."

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی حوسێنی فێرکاری لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار بەرزبووەوە، تەندروستیی زیقار دەڵێت، 64 کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 کەسیش برینداربوون. 

دوای رووداوەکە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەریەکە لە بەڕێوەبەری تەندروستیی زیقار، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی حوسێنی لە کارەکانیان دوورخستەوە.

بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی نائاسایی کازمی و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و فەرماندە سەربازییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لێکۆڵینەوەی خێرا لە ئاستی باڵا لە هۆکاری ئاگرەکە بکرێت، تیمێکی حکومی و ئەمنی سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان دەکەن. 

کازمی هەروەها ژمارەیەک وەزارەتی راسپاردووە بۆ هاوکاری خێرای پارێزگای زیقار، بەپێی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە هەموو قوربانییانی رووداوەکە بە شەهید هەژمار دەکرێن و مامەڵەکانیان بە خێرایی تەواو دەکرێت، ئەو بریندارانەشی برینەکانیان سەختە رەوانەی دەرەوەی عێراق دەکرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار