دەستەی گەشتوگوزار: 200 هەزار گەشتیار بۆ جەژن هاتوونەتە هەرێمەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



 

شاناز حەسەن

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند:" ژمارەی هاتنی گەشتیارانیش لەم چەند رۆژەی رابردوو زیاتر لە 200 هەزار گەشتیارە".

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت :"ئەگەرچی تاوەکو ئێستا وەکو دەستەی گشتی گەشتوگوزار هیچ داتایەکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی هاتنی گەشتیاران بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شارەکانەوە بەدواداچوونم بۆ کردووە، لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".

نادر رۆستی جەختی لەوەشكردەوە  لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا و بۆ جەژنی قوربان، "زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ژمارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، چاوەڕوان دەکرێت بۆ کۆتایی جەژن ژمارەکە 250 هەزار گەشیار تێپەڕێنێت، ئەمە پێشبینییە و رەنگە ژمارەکە لەوە زیاتر تێپەڕێت".

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەگەر یاسا و رێنمایی و ئیدارەیەکی باشی گەشتوگوزارییان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، دەتوانرێت ژمارەی گەشتیاران زیاد بکرێت و دەڵێت: "ئێستا کێشەمان لەوە هەیە، یاسای گەشتوگوزارمان نییە، رەشنووسمان رەوانەی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت. ئیدارەدان و هەیکەلیەتی گەشتوگوزار لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی گەشتوگوزار کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر گەشتوگوزار. مارکێتینگی گەشتوگوزار، چۆنیەتیی ناساندن و بە بازاڕکردنی گەشتوگوزار لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان کاریگەریی خۆی دەبێت".

نادر رۆستی پێشیوایە، "بە ئەنجامدانی پرۆژەی نوێی گەشتیاری، وەبەرهێنان لە گەشتوگوزار چ کەرتی تایبەت و چ حکومەت، ئەوکات دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین ژمارەی گەشتیاران زیاد ببێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار