ئەمریکا لە دە ساڵدا چوار ملیار دۆلاری بۆ هەرێمی كوردستان خەرجكردووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگهیاند:" تاوەکو ئێستا چوار ملیار و 334 هەزار و 256 هەزار دۆلاری لە بوارەکانی ئەمنی و مرۆیی و خوێندن و راهێنان و پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان خەرجکردووە".
ئەمڕۆ هەینی، 24 ئەیلولی 2021 دە ساڵ بەسەر کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، کۆنسوڵخانەکە بەم بۆنەوە پۆستێکی لە سۆشیاڵمیدیاکەی کردووە و نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شانازی دەکات بە یادکردنەوەی 10 ساڵەی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ھەولێر! 10 ساڵی پڕ بەرھەم و زۆرتری تریش بەڕێوەیە".
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا چوار ملیار و 334 هەزار و 256 هەزار دۆلاری لە بوارەکانی ئەمنی و مرۆیی و خوێندن و راهێنان و پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان خەرجکردووە.
بێجگە لە خەرجکردنی پارە لە هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەڵێت ساڵانە 300 گەنج لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەنێرنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لەگەڵ ئەو پۆستەدا ڤیدیۆگرافیکێکی داناوە و کە باس لە چالاکییەکانی 10 ساڵی رابردووی کۆنسوڵخانەکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە ڤیدیۆ گرافیکەکە سەردانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، کە دیسەمبەری ساڵی 2002 وەکو سیناتۆرێکی ئەمریکا لە پەرلەمانی کوردستان قسە دەکات.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر تائێستا هەشت کۆنسوڵی گۆڕیوە، یەکەم کۆنسوڵی گشتی، ئەلێکساندەر لاسکارس بووە، کۆنسوڵی ئێستاش رۆبەرت پالادینۆیە، کە لە تەمموزی 2021 دەستبەکار بووە.
ئەو پارەیەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە:
250 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئەمنی
سێ ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی
یەک ملیار دۆلار بۆ سەقامگیری و هەڵگرتنەوەی مین
72 ملیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
11 ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی شوێنەوار
500 هەزار دۆلار بۆ خوێندنی قوتابیانی پێکهاتەکان لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی.
300 هەزار دۆلار بۆ پەرەپێدانی توانا خودییەکان
77 هەزار دۆلار پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و ئاوارەکانی سەرکردە
85 هەزار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی بزنسی گەنجان
94 هەزار دۆلار راهێنان بە رۆژنامەڤانانی کەمینەکان
200 هەزار دۆلار بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کارکردن
