تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشتی نێردرا بۆ بەغدا

2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی کوردستان، "میزان موراجەعە - تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشتی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد. وەک پابەندبوونێکی مانگانە لە بەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە مووچەدا. هاوکات لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ دابینکردنی 120ملیار داهاتی نانەوتی وەک مەرجی سەرەکی خەرجکردنی مووچە.
دوای هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی مووچە، حکومەتی کوردستان وەک پابەندییەک دەبێت مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغدا بکات، بۆ مووچەی مانگی هەشت هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە بەردەوامن.
بەپێی زانیارییەکان، میزان موراجەعەی ئەمجارە بە شێوازێکی جیاواز لە جاران ئامادەکراوە و هەندێک گۆڕانکاری لە بڕی خەرجی و داهاتەکاندا کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێکە پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و ناردنی 120 ملیار دیناری مانگی ئاب دەستیپێکردووە.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق ڕاگەیاند، بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت، تەنیا ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی کوردستان ماوە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا کە بە ناردنی ئەم بڕە پارەیە، هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچە نامێنێت، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، هیچ کێشەیەک نەماوە.
