هاکان فیدان: هیچ دیفاكتۆیەك قبوڵناكەین ببێتە هۆی دابەشبونی سوریا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ دیفاكتۆیەك قبوڵ ناکات کە بتوانێت هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا بکات یان ببێتە هۆی دابەشبوونی سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ناوخۆی سوریادا ڕوودەدات ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " TRT News" هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتى: ئەوەی لە ناوخۆی سوریادا دەگوزەرێت راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە هەیە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، هەنگاوێکی گرنگە لە بەدامەزراوەییکردنی رژێمی نوێ لە سوریا.
هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کاری بەردەوام لە ناوخۆی سوریادا هەیە لە بوارەکانی ئابوری، وزە، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری، ئەم هەوڵانەش دەچنە چوارچێوەی دیدگایەکی فراوانتر، بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئیداری و ئابووری سەقامگیر.
بەشێکى دیکە لەقسەکانى هاکان فیدان..
ـ ئیسرائیل رۆڵێکی وێرانکەر دەگێڕێت، هەوڵدەدات گرژییەکان لەناو سوریا بوروژێنێت.
ـ تورکیا هیچ دەستپێشخەرییەک یان رێکخستنێک قبوڵ ناکات، یەکگرتوویی دەوڵەتی سوریا تێکبدات.
ـ داوا دەكەین ئەوانە لەناوببرێن کە مەترسی لەسەر یەکگرتوویی سوریا دروست دەکەن، بەتایبەتی مەترسی دابەشبون.
ـ سەرکردایەتی ئێستای سوریا بەهێزەو خاوەنی شەرعیەتێکی فراوانی نێودەوڵەتییە.
ـ پێویستە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە روونی هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن و لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێککەوتن.
ـ جەخت لە گرنگی چارەسەرکردنی مەسەلەی دروز لە باشور دەكەینەوە بەشێوەیەکی ئەرێنی، کە یەكێتی وڵات بپارێزێت.
ـ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی تورکیا دەکات و بەردەوامی کۆبونەوەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی سەقامگیری و پتەوکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی.
