قوباد تاڵەبانی: هاوپەیمانێتی یەکێتى و گۆڕان تەنیا بۆ هەڵبژاردن نیە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند: " هاوپەیمانێتی یەکێتى و گۆڕان تەنیا بۆ هەڵبژاردن نیە، بەڵکو دوای هەلبژاردنیش بەردەوام دەبێت".

 ​ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلوولی 2021، قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان سەردانی قەزای پێنجوێنی کرد و بەشداری کرد لە ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان و لە وتەیەکدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتی یەکێتى و گۆڕان تەنیا بۆ هەڵبژاردن نیە، بەڵکو دوای هەلبژاردنیش بەردەوام دەبێت.

لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز هەنگاو دەنێین تا بتوانین باشترین و بەهێزترین نوێنەری هاوپەیمانی کوردستان بنێرینە بەغدا تا بەرگری لەمافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن.

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشى" نەهاتووم پەردەپۆشی هیچ کەم و کورتییەکی حوکمڕانی بکەم، بەڵام هاتووم ئەوەتان بۆ روون بکەمەوە بۆچی گرنگە بەشداری هەڵبژاردن بکەین".

قوباد تاڵەبانی وتیشی : کوردستان لەم چوارساڵەی ئایندە توشی رکابەری زیاتر دەبێتەوە لەرووی ئابوری و دارایی و ئەمنی و سەربازیشەوە، جەختیشی کردەوە کە ئاراستەیەک هەیە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و سنوردارکردنی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگۆڕینی دەستوری عێراقی، بۆیە پێویستە رووبەرووی ئەمە ببینەوە و ئەم شەڕە لەبەغداد بکەین بەناردنی نوێنەری باشی ئێوە بۆ پارلەمانی عێراق، تا پارێزگاری لەقەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین.

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشی جاران رکابەرییەکی ناوخۆیی هەبوو بۆیە دەنگەکانی خۆمان پەرت و بڵاوکردبوو، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە تا پەرت و بڵاوبین لاوازین، کەلاواز بووین ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە بۆیە بریارمان داوە ئەمجارە لەژێر چەتری هاوپەیمانی کوردستان بەیەکەوەبین، بەیەکەوە باشتر ئەتوانین بەرگری لە‌ مافەکانی کورد بکەین.

لەدرێژەی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئەم هاوپەیمانێتییە تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە نیە، بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ناو کۆمەڵگەی ئێمە، یەکێک لەئامانجەکانیشی پاراستنی یەکڕیزییە، گەڕانەوەی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە، بەم شێوەیە کوردستان ئەپارێزین و گەشەی پێ ئەدەین.

ەکۆتایی وتەکانیدا سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان جەختیکردەوە کەهەموو ئەو ئامانجانە بەوە دەکرێت کە رۆژی 10 ی 10 خۆمان و دۆستەکانمان و ئەو کەسانەش کۆبکەینەوە کەبەهەر هۆکارێک بێ دوورکەوتبنەوە، و بەیەک دەنگی و بەیەک دەستی بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان هەڵبژێرین و بیکەینە جێ متمانەی خۆمان، دڵنیام سەردەکەوین لەم قۆناغە سەختە و بەرەو سەرکەوتنی تر هەنگاو دەنێین و خزمەتگوزاریی زیاتر دەبێ و ئارامی زیاتر بەدەست دێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار