نێچیرڤان بارزانی: ئاسانكاری بۆ بازرگانانی توركیا دەكەین

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتى

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانی تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق نیشان دا

ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلوولی 2021، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەهمەت مووش، وەزیری بازرگانی تورکیا، كۆبووەوە و  بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "جەختیان لە خواستى برەودان بە پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا کردەوە و هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو گرفتەکانى بەردەم فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و ئابوورى لەنێوان هەردوولادا چارەسەر بکرێن."

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، ستراتیژ و بیرکردنەوەیەکى تازەى تورکیا بۆ چۆنیەتیى فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و چالاکیى ئابوورى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و عێراق پێویستە قورسایى بخاتە سەر وەبەرهێنان زیاتر لە بازرگانی.

پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ کردووە، "گرنگ و ستراتیژى"ـن دەشڵێت، "یاساى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان یاسایەکى دۆستانەیە کە هانى سەرمایەگوزاریى بیانى دەدات، هەروەها ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانیى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق نیشان دا."

وەزیرى بازرگانی تورکیاش خواستى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندیى بازرگانی و فراوانکردنى چالاکییە ئابوورییەکانى لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەى بە چەند "نموونەیەکى سەرکەوتووى" وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى تورکی لە وڵاتانى ناوچەکە کرد کە بە هەمان شێوە لە هەرێمى کوردستان دووبارە بکرێنەوە، لەوێشەوە بەرەو هەموو ناوچەکانى دیکەى عێراق فراوان بکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى تورکیا و شاندێکى تورکى ئامادەبوون. بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا لەسەر بازرگانى و چالاکیى ئابوورى، رێژەى بازرگانی و هاوردەکردنى تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، سیستمى بانکدارى و ناردن و گواستنەوەى پارە، دادگەى بازرگانى، گەشتیارى و چەند پرسێکى دیکە، تاوتوێکران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار