بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و کاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هاوسهرۆكی یهكێتی رایگەیاند: "
به گوێرهی راگهیهندراوێكی نووسینگهی هاوسهرۆكی یهكێتی، ئهمڕۆ یهكشهممه 26ی ئهیلوولی 2021، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی لە دەباشان پێشوازیکرد لە خانەوادەی زیندانیکراوەکانی بادینان.
ئهوهش هاتووه: لە دیدارێکدا گوێبیستی خواست و داواکاری کەسوکاری رۆژنامەنووس و چالاكوان و مامۆستا و زیندانیکراوانی بادینان بوو، روونیانکردەوە کە بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی بڕیاریان لەسەر دراوە و بەناوی ئاسایشی نیشتمانییەوە دادگایی کراون.
بهپێی راگهیهندراوهكه، بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان کە لەبەرامبەر وتنی راستی و داکۆکی لە مافی گشتی زیندانیکراون، روونیکردەوە لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەکان بەرتەسککراوەتەوە و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەکانیان، وتنی راستی و داواکردنی مافەکانیان زیندانی دەکرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت، کە ئەمە بوهتە ھۆی ئەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وێنایەکی خراپ لەسەر ھەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروست ببێت و بەئاشکرا رەخنەمان لێبگیرێت.
بهپێی راگهیهندراوی نووسینگهی بافڵ تاڵهبانی، بە راشکاوی ھەڵوێستی روونی یەکێتی خستەڕوو رایگەیاندووه، یەکێتی باوەڕیی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە تا رۆژنامەنووسان پیشەییانە و پابەند بە بنەمای کاری راگەیاندن ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، سنووری ئازادییە کەسییەکان نەبەزێنن و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنرێت تا ئازادانە و ئازایانە کاری میدیایی بکەن و مافیشیان پارێزراوبێت.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "یەکێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و کاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین کە رۆژنامەنووس لەسەر وتنی راستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەکان لەسەر داکۆکی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویکردنی مافی خەڵک، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و کەسانێکیش لەسەر ئازادی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانی بکرێن. ئەم رەفتارانە ھی حیزبە تاکرەو و خۆسەپێنەکانە، کە لەگەڵ ئەزموونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەکناگرێتەوە، بۆیە داوامانکردووە کۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بھێنرێت و رێگە لەوەبگیرێت دادگاکان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن و حیزب بڕیار لەسەر ئەم کەیسانە بدات".
بافڵ تاڵەبانی ھەر پەیوەست بە داواکاری کەسوکاری زیندانیانی بادینان وتی: "ئازادی و رەخنە زیانی بۆ دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێمەکان نابێت، بەڵکو ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەکەدار دەکات زیندانیکردن و کپکردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەت دروستکردنە بەناوی دادگاکانەوە".
ھەر لەدیدارەکەدا ھاوسەرۆکی یهێكتی پێی راگەیاندن، "بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخەی لە بادینان دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە و رێنادەن یاسا بکرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلکاریانە چونکە لە ھیچ یاسایەکی دونیادا نییە زیندانی بێ ئەوەی دادگایی کرابێت، ساڵی زیندانییەکەی و مانەوەی لەزیندان دیاریکرابێت کە ئەمە دەستوەردانی ئاشکرایە لەکاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە".
وتیشی: "دڵنیابن یەکێتی پەیوەستە بەڕێبازی مامەوە، بۆ دابینکردنی نان و ئازادی بێ مەرج بۆ نووسەر، رۆژنامەنووس و ئازادیخوازان، لەپێناو ھێشتنەوەی ئەو بەھا باڵایانە داکۆکیکەر و پارێزەری ئەو رێبازە دەبین و نابێت رێگەبدەین بەناوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادییەکان بۆ ویستی سیاسی بەرتەسک بکرێنەوە".
