وەزیری نەوتی عێراق: رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، "بەهۆی كەمبوونەوەی بڕە بەنزینی پێویست، رۆژانەی بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزین هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەین" دەشڵێت، "هەرێم دەبێت مانگانە بە بەهای 250هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات".
ئەمرۆ یەکشەممە، 26ی ئەیلوول، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە بارەی رێكارەكانی هەناردەكردنی بڕە نەوتی مانگانەی هەرێم بە ئاژانسی فەرمی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، "دەبێت هەرێم مانگانە بە بەهای 250هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپاش ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە، دواتر كۆمپانیای سۆمۆ كۆی دۆسیە و بەڵگەنامەكان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەكات بۆ تۆماركردنی ئەو بڕە داهاتانەی كە هەرێم بەدەستیهێناوە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی كەمبوونەوەی بڕە بەنزینی پێویستی رۆژانەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنی بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو بەنزینەی كە رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكەین لە جۆری نۆرماڵە.
رۆژی 8ی تەمموزی 2021، وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبونەوە، پاشتر لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین، کە رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.
