نێچیرڤان بارزانی: پارتی حزبێكی یەكگرتووە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند:" حزبه‌كه‌ی پارێزه‌ری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بووه‌، ده‌شڵێت: "به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا پارتی حزبێكی یه‌كگرتووه‌".

 ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلوولی 2021،  نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەیدا لە شاری هەولێر بەشداریی کرد و رایگەیاند، پارتی خاوەن جەماوەرێکی تایبەتە و ئەوەش وایکردووە، هەمیشە بتوانێت سەرکەوتووانە رووبەڕووی کێشە بۆ دروستکراوەکانی ببێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی باسی لە رۆڵی پارتی کرد لە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستاندا و رایگەیاند، "بەردی بناخەی سیستەمی دیموکراسی لەم وڵاتەدا بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە، پارتی داینا و سەرۆکی پارتی یەکەم کەس بوو کە لە کۆیە باسی ئەوەی کرد کە ئێمە دەبێت کێشەکانی خۆمان لە رێگەی سندووقی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە یەکلایی بکەینەوە".

جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە هێرشی داعش بۆسەر باشووری کوردستان لە ساڵی 2014دا کرد و وتی، راستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بوو بۆ تێکشکاندنی داعش، "بەڵام ئەوەی کە خۆڕاگر بوو لە پێش سەنگەرەکان، ئەو پێشمەرگانە بوون کە بە مێشکی پارتی ئاو درابوون؛ ئەو پێشمەرگانە بوون کە لە سەنگەری پێشەوە بوون؛ ئەو سەرۆکە بوو کە سێ مانگ هەر لەنێو ئۆتۆمبێل نووست بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو دڕندانە ببێتەوە، بە هێزی ئەو گەلە و ئەو پێشمەرگانە".

نێچیرڤان بارزانی باسی لە قۆناخی دوای گشتپرسیی ساڵی 2017 کرد و رایگەیاند، پارتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا توانیی سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت و ئەوەش وایکرد "نەخشە و پلانی دووژمنان پووچەڵ" ببێتەوە، چونکە هەموولایەک و جیهانیش زانی، پارتی "هێزێکە پشتیوانیی گەل و میللەتی لەگەڵە".

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی تیشکی خستە سەر ئامانجی دامەزراندنی حیزبەکەی و گوتی، پارتی جێگرەوەی هیچ حیزبێک نییە لە کوردستان و دروستبووە بۆئەوەی مافی گەل بەدەستبهێنێت و بووەتە پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانیش.

لەبارەی دۆخی نێو حیزبەکەشی، نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد و رایگەیاند، "رەنگە بۆچوونی جیاواز لەناو پارتی هەبێت؛ رایەکی جیاواز لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەیەک لەناو پارتی هەبێت؛ ئەمە بە دڵنیاییەوە هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا پارتی حیزبێکی یەکگرتووە، لەژێر یەک سەرکردایەتیدایە، یەک ئاڵا و یەک سەرکردەی هەیە و لەپێناو یەک ئامانجیش خەبات دەکات کە میللەتە".

نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵی داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراقی بە گرنگ ناوبرد و داوای لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرد دەنگبدەن و هانی هاونیشتمانیانیش بدەن بۆئەوەی بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی حیزبەکەی بدەن. جێگری سەرۆکی پارتی وتی، "زۆر شت لە هەگبەی پارتیدا هەیە کە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکە دەتوانن بە شانازییەوە باسیان بکەن و بۆ خەڵکی روون بکەنەوە کە بۆچی دەبێت دەنگ بە بەربژێرەکانی پارتی بدەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار