یەکێتی: پشتیوانی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند: " پشتیوانی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین".
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێمە وەکو یەکێتی رایدەگەیێنن کە بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە کۆبوونەوانە رەتدەکەینەوە، ئیدی لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق. رایدەگەیێنین کە پشتیوانی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین. هەروەکو دووپاتیدەکەنەوە هەر هەڵوێستێک گرێدراو بێت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەوا بەپێی دەستووری عێراق تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە".
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەکێتیی سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات، کە دەست بۆ پرەنسیپ و سیاسەتی دەرەوەی عێراق ببات و سەقامگیری و ئاسایشەکەی تێکبدات و قەیران دروستبکات".
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، ستایشی هەوڵەکان دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و "دوای هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کوردستان، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نیشتمانی پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند لە هەموو ئاستەکان بەدیدێت، لەوانەش بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە".
ۆژی هەینی 24-09-2021 ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکیان لەژێر ناوی (السلام والاسترداد) ئەنجامدا و تێیدا پشتگیریی خۆیان دەربڕی بۆئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.
هەریەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت و وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کاردانەوەیان لەبارەی کۆبوونەوەکە پیشانداوە و بێئاگایی خۆیان لە نێوەڕۆکەکەی دەربڕیوە؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو بۆچوون و هەڵوێستانەی لەو کۆبوونەوەیەدا دەربڕاون، به هیچ شێوەیهک بۆچوون و سیاسهت و ههڵوێستی ههرێمی کوردستان نییه.
