مەسرور بارزانی: ئێستا دەستپێکی بوژانەوەی ئابووری کوردستانە

4 ساڵ لەمەوپێش



  هاوڵاتى 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند: " دەستپێکی بوژانەوەی ئابووری کوردستانە، ئێمە چەندین پڕۆژەی تری گەورەمان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان هەیە، ئومێد دەخوازین ئەوانیش لەکاتێکی زوودا جێبەجێ بکەین".

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئه‌یلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و کردنەوەی پرۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و  رایگەیاند: " ئامانجی ئێمە تەنیا ئەوە نەبووە کەرتێک یان لایەنێک یان چینێک یان توێژێک سوودمەندبێت لە ئابووری کوردستان، ئێمە ویستومانە ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان دروست بکەین، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئێمە بتوانین بە دروستکردنی ئەم ژێرخانە ئابوورییە بژێوی خەڵک و ستانداردی ژیان لە کوردستان بەرەو ئاستێکی بەرزتر ببەین، هیوادارم لەو ئەرکەدا ، خوا دەرفەتمان پێ بدات و بتوانین سەرکەوتووبین.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  تیشکی خستە سەر گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و رایگەیاند: "ئەو هەڵبژاردنانە بۆ ئێمە چارەنووسسازن، چونکە هەڵبژاردنە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئێمە ئەو نوێنەرانەی لە کوردستانەوە هەڵیان دەبژێرین پێویستە داکۆکیکار و بەرگریگاری مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بن".

مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاند: "پێویستە ئەو نوێنەرانە بنێرین، بۆ ئەوەی بەگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەو مافە پێشێلکراوانەی کە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیدا تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون، چ باسی ناوچە دابڕێندراوەکان بێت، چ مەسەلەی بودجە بێت، چ بابەتی پێشمەرگە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراون بێت، داکۆکی لەو مافانە بکەن و هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو مافانە خاوەن مافەکان بدەن".

مەسروور بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد؛ بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنانە هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بن، "دووربن لە یەکتر شکاندن و پەلاماردانی یەکدی، پێویستە هەمووان پێکەوە داوای مافەکانی خۆمان لە پەرلەمانی عێراق بکەین، ئەو نوێنەرانەشی دەچنە بەغدا لە ئەنجامدا هەموویان وەکو نوێنەرانی خەڵکی کوردستان بە یەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن کاریگەریان هەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ پەرلەمانی عێراق پێویستیان بە خەڵکی بە توانا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات و داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرنامەی خۆیان بۆ چۆنیەتی باشترکردنی دۆخی کوردستان و چۆنیەتی زیاتر بەرگریکردن لەو مافانە لە عێراق بخەنەڕوو. 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد "بەرنامەی خۆیان بۆ چۆنیەتی باشترکردنی دۆخی کوردستان و چۆنیەتی زیاتر بەرگریکردن لەو مافانە لە عێراق بخەنەڕوو. پەلاماردانی یەکتر و یەکتر شکاندن بە هیچ شێوەیەک خزمەتی ئەو ئامانجە ناکات، هیوادارم سەیری ناوەرۆکی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان بکەن، ئەو بانگەوازانەی لە ئێستاوە دەدرێن، زۆر بە وردی گوێیان لێ بگرن، ئەوانەی داوای یەکڕیزی و بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان دەکەن، یانیش بە پەلاماردانی لایەنێکی دیکە پێیانوایە دەتوانن زیاتر دەنگ بە دەست بهێنن. پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان نێوبژیکار بن و وریا بن لەوەی ئەو هەڵبژاردنە، کە هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق، پێویستمان بە خەڵکی بە توانایە، بتوانێت بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکات".

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی: "گوێ لە ناوەرۆکی بانگەوازەکان بگرن و بەراوردی بکەن لەگەڵ بەڵێنەکان، ئایا ئەو قسانەی کە دەگوترێت یان پێشتر گوتراوە، جێەجێ کراوەن؟ یانیش ئەو لایەنە توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی هەیە؟ من لێرەوە بە دڵنیاییەوە دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکمانداوە کە بەرگریکاری سەر سەختی مافەکانی خەڵکی کوردستان بین، بەڵام پێویستیمان بە پشتیوانی نوێنەرەکانیشمان هەیە لە بەغدا، کە بتوانن هاوکار  و پاڵپشت بن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی تاوەکو ئێستا نەهاتوونەتە دی".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار