بە فەرمانی مەسرور بارزانی 20 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر تاپۆ دەکرێن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی هەولێر تاپۆ دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئهیلوولی 2021، لوقمان عومەر بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان 20 ھەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی ھەولێر تاپۆ دەکرێن و فەرمانگەکان راسپێردراون بۆئەوەی "بە زووترین کات کارتەکان بکەنە تاپۆ".
بەڕێوهبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "نزیکەی 20 ھەزار پارچە زەوی لە کارتەوە کراون بە تاپۆ و کاریان تەواو بووە، لەوانە سێ ھەزاریان بوونەتە تاپۆ کە گوندی کۆری و جووتیارانی گەڕەکی بەختیاری دەگرێتەوە و حەوت ھەزاری دیکەش لە هەفتەی داھاتوودا تەواو دەبن".
بە وتەی لوقمان عومەر، کار لەسەر 15 ھەزار کارتی دیکە دەکرێت، کە کاری سێ ھەزار و 500 کارتیان لە 10 رۆژی داھاتوودا تەواو دەبێت و کاری حەوت ھەزار کارتی دیکەش لە کەرتەکانی دیکەی شارەوانی بەردەوامە، "ھەروەھا سێ ھەزار کارتی گەڕەکی ژین چاوەڕێی شارەوانیی ھەولێر دەکەن تاوەکو نەخشەی دابەشکارییەکەیان بنێردرێت بۆئەوەی ئەوانیش تاپۆ بکرێن".
بە مەبەستی پێدانی زانیاری و روونکردنەوەی پێویست لەبارەی تەواوبوونی تاپۆی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری و چۆنێتیی ھەڵسوکەوتکردن لەسەر ئەو زەوییانە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، رۆژی یەکشەممە 26ی ئەیلوولی 2021 د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.
