قوباد تاڵەبانی: کێشەکانی ماددەی 140 نە لەهەولێر و نە لە سلێمانی چارەسەر ناکرێن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند:" کێشەکانی خانەقین و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکەی سنوری ماددەی 140ی دەستوور، نە لەهەولێر و نە لە سلێمانی و نە لە هیچ شارێکی دیکەی هەرێم چارەسەر ناکرێن، بەڵکو بەبونێکی بەهێز و یەکڕیزی کورد لەبەغدا چارەسەر دەکرێن بۆیە یەکێتی و گۆڕان ئەو هاوپەیمانیەیان دروستکردووە.
ئەمڕۆ سێشهممه 28ی ئهیلوولی 2021، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە خانەقین بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کرد و رایگەیاند، دەزانن لەخانەقین کێشەی سیاسی، خزمەتگوزاری، شوناس و ئیدارییش بوونی هەیە، "دەشزانین کەچەند پەرتەوازە بین لاوازتر دەبین بۆیە یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانییان دروستکردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کێشەکانی خانەقین نە لەهەولێر و نە لە سلێمانی و نە لە هیچ شارێکی دیکەی هەرێم چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بەشێکی زۆری کێشەکانتان لەبەغدا چارەسەر دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەیەک هەڵوێستی دەتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین و رێگری بکەین لەوەی غەدرمان لێبکرێت".
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕو، بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستان بانگەشەی "باق و باریق" نیە و لەچوار خاڵ پێکهاتووە ئەوانیش بریتین لە یەکڕیزی، دابینکردنی بودجە و مووچە بۆ خەڵکی کوردستان، دابینکردنی خزمەتگوزاری باشتر و گەڕاندنەوەی سەقامگیری سیاسی، ئابوری و کارگێڕییە.
