باندێکی ساختەکردنی کارتی ڤاکسین دەستگیر دەكرێن

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:" باندێک لەسەر ساختەکردنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراوە. دەشڵێت، هەر کەسێک زانیاریی لەبارەی هاوشێوەی ئەو کەسانە هەیە هێزە ئەمنی و لیژنە تەندروستییەکان ئاگادار بکاتەوە. 

 ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی ئه‌یلوولی 2021،  سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر سوپاسی تیمەکانی ئاسایشی کرد کە "هاوکارمان بوون لە دەستگیرکردنی ئەو باندە، ئێستا ئەو باندە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، لەبەرئەوەش پێشتر نەمانتوایوە رایبگەیێنین، چونکە لە داهاتوودا هێزە ئەمنییەکان وردەکارییەکەی بڵاودەکەنەوە."

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، "چەندین کەس بەهۆی ساختەکردن و فرۆشتنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراون." 

سامان بەرزنجی داوایەک ئاراستەی هاونیشتمانییان دەکات کە بۆ دەرهێنانی کارتی ڤاکسین تەنیا سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و "ئەوانەش کارتیان بۆ دروستدەکرێت کە ناویان لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا هەیە و ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە."

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە و هەر کەسێک ساختەکاری بکات و کارتی ڤاکیسن ساختە بکات لێی قبووڵ ناکەین."

پێشتر وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە کارتی ڤاکسین بەو کەسانە دەدرێت کە هەردوو قورچکی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت کە لە گەشتکردن بۆ وڵاتان دەتوانن وەکو بەڵگەیەک بیخەنەڕوو. 

لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی جیهان ئەو کارتە کاری پێدەکرێت، بۆ دروستکردنی کارتەکەش دەبێت هاونیشتمانیان کارتی وەرگرتنی ڤاکسین و پاسپۆرت لەگەڵ خۆیان ببەن.

رۆژی سێشەممە 28-09-2021  بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، بنکەی پێدانی کارتی ڤاکسین بە هاونیشتمانیان کرایەوە، کە کارتێکی نێودەڵەتی باوەڕپێکراوە و سەرجەم زانیارییەکانی کەسەکە تۆمارکراوە لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار