نامەکەی ماکرۆن بۆ مەسرور بارزانی: دەبێت پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی بەرزدا رابگرین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی فەرەنسا نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە بەشێکیدا هاتووە، دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا "لە ئاستێکی بەرزدا رابگرین".
رۆژی پێنجشەممە 30ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ، کۆنسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و نامەیەکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نامەکەدا، "سەرۆکی فەرەنسا سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکات، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە کاتی سەردانەکەی بۆ هەولێر لێی کراوە".
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، "فەرەنسا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی دێرین و بێ هاوتایان هەیە، کە دەبێت لە ئاستێکی بەرزدا رایانبگرین".
سەرۆکی فەرەنسا لە نامەکەیدا جەختی لەوەش کردووەتەوە، "فەرەنسا بەردەوامی دەدات بە پابەندیی خۆی لەگەڵ ئێوە، لە دژی تیرۆر و لە بەرژەوەندیی پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی".
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا نامەیەکی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نارد. ماکرۆن دڵنیایی داوە کە "فەرەنسا لە دژى تیرۆر، هەروەها بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیى ئابووری و کۆمەڵایەتى، لە پابەندیى خۆى لەگەڵ ئێوەدا، بەردەوام دەبێت".
