یۆنان: لەگەڵ تورکیا ناكەوینە کێبڕکێی چەکەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکوەزیرانی یۆنان رایگەیاند:"نیازمان نییە لەگەڵ تورکیا بکەونە کێبڕکێی چەکەوە و هیواش دەخوازێت ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویست دەکات یۆنان سەروەریی سنوورەکانی بپارێزێت.
وتەکانی کریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان دوو رۆژ دوای ئەوە دێن کە وڵاتەکەی بە بەهای 3.5 ملیار دۆلار گرێبەستێکی بەرگریی لەگەڵ فەرەنسا واژۆکرد کە کڕینی سێ کەشتیی جەنگی بۆ هێزی دەریایی یۆنان لەخۆدەگرێت.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان لە کۆڕبەندێکدا لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتەکەی وتیشی، "ئێمە ناتوانین ئەو راستییە پشتگوێ بخەین کە لە هەڵکەوتەیەکی جوگرافییزۆر ئاڵۆزدا دەژین".
میتسۆتاکیس باسی لەوەش کرد، نایەوێت بکەوێتە نێو کێبڕکێی چەکەوە لەگەڵ تورکیا و رایگەیاند، "هەمیشە دەستی هاوڕێیەتی بۆ تورکیا درێژدەکەم".
یۆنان و تورکیا دوو رکابەری مێژوویی ناوچەکە و ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆن؛ لە ماوەی رابردوودا لەسەر مافی دەرهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیادبوون.
ئەو دوو وڵاتە ماوەی چەندین دەیەیە لەسەر کۆمەڵێک پرسی دیکەش ناکۆکییان هەیە، لەنێویشیاندا سنووری ئاویی نێوان هەردوو وڵات، سنوورە ئاسمانییەکان و مافی پێکهاتەکان.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت. نزیکبووینەتەوە لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی پێنج ساڵە لەگەڵ ئەمریکا بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی بەرگریی هاوبەش.
یۆنان لە رابردوودا 18 فڕۆکەی جەنگیی لە فەرەنسا کڕیوە و بەنیازە شەشی دیکەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ مۆدێرنکردنی سوپاکەی بکڕێت.
