ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لیژنەیەکی بۆ حاڵەتەکانی هاندانی ژنان بۆ لەشفرۆشی پێکهێنا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی گۆڕینەوەی ژن و بانگەشەکردن بۆیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێکهێنا.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی پێنجشەممە 30-09-2021 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو لیژنەیەی پێکهێندراوە بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی بانگەشەکردن بۆ ژن گۆڕینەوە و هاندان بۆ لەشفرۆشی، هەڵگەڕانەوە لە ئایینە و لەسەر داوای لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی پێکهێندراوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند حاڵەتێک بۆ بانگەشەکردن بۆ ئەو کارانە هەبوون.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەشڵێت، "ئەم فەرمانەی تایبەت بە پێکهێنانی ئەو لیژنەیە بۆ تۆمارکردنی هەموو ئەو شتانەیە کە بە تاوان هەژماردەکرێن بەپێی یاسای سزادان و دەستووری عێراق، چونکە دەستوور جەخت لە پارێزگاریکردن لە خێزان، بەها ئایینی و رەوشتی و نیشتمانییەکان دەکاتەوە، وەکو لە ماددەی 29یدا هاتووە".

ئەو راگەیێندراوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوای ئەوە هات، ئەنجوومەنەکە بە نووسراوی ژمارە 711 لە 12ی ئابی 2021 لیژنەیەکی بۆ ئەو بابەتانەی سەرەوە پێکهێنا کە لە "ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، شانەی راگەیاندنی ئەمنی، کۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەندیکای هونەرمەندان" پێکدێت و کاری سەرپەرشتیکردنی تۆمارکردنی ئەو پێشێلکارییانە دەبێت و بەرزکردنەوەی راسپاردە لەبارەیانەوە بۆ دادگەکانی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لەبارەیانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار