کازمی: خۆم سەرپەرشتیی ئاسایشی هەڵبژاردن دەکەم

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

مستەفا کازمی رایگەیاند:" خۆم سەرپەرشتیی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان دەکەم و رێگە بە هیچ جۆرە پێشێلکاری و دەستدرێژییەک نادەین کە کاریگەریی نەرێنی بخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن".

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەیلوولی 2021، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی رێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا کازمی ستایشی رۆڵی پاڵپشتیکاری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی لەبارەی هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردنی بەرفراوان لە هەڵبژاردن کرد و رایگەیاند، "پەیامەکەی مەرجەعی باڵا، پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن" و ئاماژەی بە کاریگەریی راستەوخۆ و هەڵوێستی مێژوویی مەرجەعی باڵاش کرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق وتوویەتی، "حکومەت بەڵێنی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە جێبەجێ کرد و هەموو پێداویستییەکی خستە بەردەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن" و باسی لەوەش کرد، وەکو حکومەت چەندین لیژنەی بەدواداچوون و چاودێرییان بۆ دەستنیشانکردنی پێشێلکاریی بەربژێران و حیزبە سیاسییەکان پێکهێناوە و وتیشی، هیچ پێشێلکارییەکی سەلمێندراو بێ سزا تێناپەڕێت و ئەنجامدەری پێشێلکارییەکە لە رێگەی کۆمیسیۆنەوە دەدرێتە دادگا.

لەبارەی ئاسایشی هەڵبژاردنەکانەوە، کازمی ئاماژەی بەوە کردووە، "خۆم سەرپەرشتیی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان دەکەم و رێگە بە هیچ جۆرە پێشێلکاری و دەستدرێژییەک نادەین کە کاریگەریی نەرێنی بخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن".

بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار