ئەمریکا ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانی سەر بە توركیا دەكاتە لیستی تیرۆرەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانی کە ڕێکخراوێکی سەر بە پارتی نەژادپەرستی هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیایە، دەكاتە لیستی تیرۆرەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگای پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسایەکەوە ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان کە ڕێکخراوێکی سەر بە پارتی نەژادپەرستی هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیایە، بخاتە لیستی تیرۆرەوە، کە ئەمەش تووڕەیی و بێزاری حکومەتی تورکیای لێکەوتۆتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا نارەزایەتی خۆی بەرانبەر بە پڕۆژە یاساکە دەربڕیوە و تێیدا وتویەتی: ئەو هەنگاوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر جێگای داخ و نیگەرانیی تورکیایە، هەروەک لەبەشێکی تری بەیاننامەکدا هاتووە کە تێپەڕاندنی ئەو جۆرە پڕۆژە یاسایانە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە پشت بە بانگەشەی بی بنەما دەبەستێت و لەگەڵ هاوپەیمانێتی ڕەگداکوتاوی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نایەتەوە.
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد کە هەموارێکی لەخۆگرتووە کەبەپێی ئەوە داوا لە ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات راپۆرتێک پێشکەش بکات و تێیدا هەڵسەنگاندن بۆئەوە بکات کە ئایا بەپێی پێوەرەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، دەکرێت ڕێکخراوی گورگەبۆرەکانی تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێت یان نا.
لەحاڵەتی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دەچێتە پاڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپایی کە ڕێکخراوە تورکییەکە کە باکگراندێکی راستڕەو و نەژادپەرستانەیان هەیە، وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەناسێنن.
پێشتر هەریەک لە فەڕەنسا و نەمسا ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانی تورکیایان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی هەژمار کردووە و ساڵی رابردووش پەڕلەمانی ئەڵمانیا پێشنیازێکی پێشکەشی حکومەتی ئەو وڵاتە کرد بۆئەوەی ئەو گرووپە قەدەغە بکات و چاودێریی چالاکی و جموجۆڵەکانیان لەو وڵاتەدا بکات.
