سەنتەری میترۆ و پەیامنێرانی بێسنور داوای ئازادكردنی زیندانیانی بادینان دەكەن

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ" توندكردنی رۆژنامەنوسان لە زیندان كاریگەری لەسەر ناوبانگی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

رێكخراوی جیهانی پەیامنێرانی بێسنور لەگەڵ سەنتەری میترۆ داوای ئازادكردنی پێنج رۆژنامەنوسی سزادراوی بادینان دەكەن كە سیانیان نزیكەی مانگێكە وەك ناڕەزایەتییەك دژبە سزادانیان و دۆخی زیندان، مانیان لە خواردن گرتوە.

ئەمڕۆ هه‌ینی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" رۆژنامەنوسانی سزادراو شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار زێباری، لە رۆژی 6ی مانگی رابردوەوە وەك ناڕەزایەتییەك دژبە دۆخی زیندان، مانیان لە خواردن گرتوەو چونەتە پاڵ مانگرتنی زۆربەی دەستگیركراوانی بادینان كە ژمارەیان 82 كەسە".

پەیامنێرانی بێسنور ئاماژەی بەوەداوە دوای ئەو ماوەیە لە مانگرتن، ئێستا دۆخی تەندروستی هەندێك لە دەستگیركراوان جێی نیگەرانییە، بەتایبەت دۆخی ئەیاز كەرەم كە بەپێی راپۆرتەكان لەهۆش خۆی چوەو چارەسەریی پزیشكی گونجاویشی پێ ناگات.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە ئەو سێ رۆژنامەنوسە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا سزای شەش ساڵ زیندانیان بەتۆمەتی "سیخوڕیكردن" بەسەردا سەپێنراوەو شێروان شێروانی كە یەكێكیانە چەندین جار ئیدانەی ئەوەی كردوە كە لەژێر ئەشكەنجەدا بەزۆر دانپێدانانی لێوەرگیراوە.

هەروەك رێكخراوەكە باسی لەوەش كردوە كە رۆژی 23ی مانگی رابردو، دادگای هەولێر سزای ساڵێك زیندانی بەسەر رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشكی-دا سەپاندوە بە تۆمەتی "تەشهیر"، لەكاتێكدا ناوبراو لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە دەستگیركراوە، بەوجۆرە واتە ئێستا ساڵی دوەمی لە زیندان بەسەردەبات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە لەمانگی حوزەیران رۆژنامەنوس قارەمان شوكری، بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە بەبێ ئەوەی تۆمەتێكی رەسمی روبەڕوبكرێتەوە كە لەمانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ لەسەر بڵاوكردنەوەی نوسینی رەخنەگرانە دەستگیركراوە.

سابرین ئەلنەوی، بەرپرسی نوسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور رایگەیاندوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكەین دەستبەجێ ئەو پێنج رۆژنامەنوسە ئازادبكەن كە تۆمەتی هەڵبەستراویان ئاڕاستەكراوەو بۆ دانپێدانان روبەڕوی ئەشكەنجە بونەتەوەو ئێستاش سێ لەو رۆژنامەنوسانە بەهۆی مانگرتنیانەوە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە بەشی ئەوە هۆكار هەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەریی لە كوردستانی عێراق سنورێك بۆ ئەم دەستگیركردنە بێ پاساوانە دابنێت.

هەروەها دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، وێڕای داوای ئازادكردنی ئەو رۆژنامەنوسانە، رایگەیاندوە، توندكردنی رۆژنامەنوسان لە زیندانداو بەكارهێنانی توندوتیژی دژی دەستگیركراوان، كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ناوبانگی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار