کەنەکە داوا لە وڵاتانی جیهان دەكات لەبەرامبەر بەكارهێنانی چەكی کمیایی بێدەنگ نەبن

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتى

کەنەکە، ڕەخنە لە بێدەنگی دەوڵەتانی جیهان دەگرێت لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کمیایی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە و داوای هەڵوێست دەکات.

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی تاوانەکان و پێشێلکردنى یاساکانى جیهان، کە لەلایەن دەوڵەتى توركیاوە ئەنجام دەدرێت و تێیدا گاز و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتاى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی توركیا لە دژی گەلی كورد شەڕێكی دژوار و قورس بەڕێوەدەبات و هەر رۆژێك كە تێپەڕ دەبێت داگیركارییەكانی خۆی لە رۆژئاوا و باشوورى کوردستان فراوانتر دەكات و كامپی پەنابەرانی مەخموور و هەرێمی شەنگال بە شێوەیەكی بەردەوام دەکرێنە ئامانجی هێرشی فرۆكەی جەنگى و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، کە بەهۆیانەوە بە دەیان هەزار مرۆڤ گوندەكانی خۆیان چۆڵ كردووە و ژمارەیەكی زۆر شەهید و برینداریشی لێكەوتووەتەوە.

لە بەشیکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، لە هێرشەکانیشدا تەنها گەلی كورد و خۆڕاگرانی ئەم گەلە كۆمەڵكۆژ ناكرێن، بەڵكو سەروەریی وڵاتانی عێراق و سوریاش پێشێل دەكرێت بە شێوەیەكی ئاشكرا یاسای نێودەوڵەتیى و سەروەری وڵاتان پێشێل دەكرێت، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان، ناتۆ، ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا، شورای ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا و رووسیا تەنها سەیر دەكەن و دەوڵەتی عێراقیش بە بێدەنگیی خۆی پشتیوانی لەم هێرشانە دەكات.

کەنەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە مەتینا و زاپ  ئاڤاشین، دەوڵەتی تورک یاساكانی جەنگ بە شێوەیەكی ئاشكرا پێشێل دەكات و لە دژی مرۆڤایەتی تاوانی گەورەی جەنگ ئەنجام دەدات.

ڕاشیگەیاندووە: نزیکەی شەش مانگە ئەو سوپایە نەیتوانیوە بەو شێوەیەی كە دەیویست هەرێمەكانی گەریلا داگیر بكات، بۆ ئەوەی كە بتوانێت بچێتە ناو تۆنێلەكانی شەڕی گەریلاوە تا ئێستا ١٦٣ جار گازی كیمیاوی بەكار هێناوە و سەرەڕایی ئەوەی كە راپۆرت و بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەم هێرشە كیمیاییانە لەبەر دەستن، هێزە نێودەوڵەتییەكان هێشتاش هەر بێدەنگن، کە بەهۆیانەوە تا ئێستا بە دەیان گەریلا گیانیان لە دەستداوە.

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، لە رۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠٢١یش لە گوندی هرۆری سنورى دهۆك دەولەتى داگیرکەرى تورک هێرشی كیمیایی ئەنجامدا و خەڵكی گوندەکە كەوتنە بەر ئەو گازە ژەهراوییانە و بەهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان كران.

لەبارەى هەڵویستى وڵاتانى جیهانەوە کەنەکە باسی لەوەکردووە، نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكان بە بێدەنگیی خۆیان لە بەرامبەر دەوڵەتى داگیرکەرى تورک ئەم تاوانانە قبوڵ دەكەن و بوونەتە هاوكار و پشتیوان و ئەو هێزانەی كە فڕۆكە و بۆمب و چەكی كیمیاوییان داوە بە بەو دەوڵەتە و ئەو هێزانەی كە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگن، هەموویان هاوبەشی تاوانەكانی دەوڵەتى داگیرکەرى تورکن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کەنەکە داوا لە وڵاتانى جیهان دەکات،  کە لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەرى تورك بۆ سەر كورد و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، هاوكاری حكومەتی وڵاتەكەتان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرن و  پێویستە رێكخراوەكانى كۆمەڵگای مەدەنی، پەرلەمانەكانى وڵاتان، پارتە سیاسییەكان، زانكۆكان و هەر مرۆڤێك كە هەستی مرۆڤایەتی تێدایە لە بەرامبەر هێرشی ئەو دەوڵەتە بۆسەر بە كورد و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی هەڵوێست وەربگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار