حاكم شێخ لەتیف پەیامێك بڵاودەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتى

یاساناس‌و ئەندامێكى پێشوی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان بۆ پشگیری لە زیندانیانی بادینان رایگەیاند: "گرنگه‌ جه‌ماوه‌رى هه‌موو حزبه‌كان به‌شداربن، ھیوادارم سەرپەرشتیاران ڕێگه‌نەدەن ئەو کەیسە بکرێتە کەیسێکی سیاسی‌و بانگەشەی ھەڵبژاردن لەلایەن ھیچ کاندیدو حزبێکەوە".

حاكم شێخ لەتیف یاساناس‌و ئەندامى پێشوی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"خۆپیشاندان‌و گردبونەوەکەی ڕۆژی 4ی مانگ بۆ سزادراوانی بادینان كه‌ کۆمەڵێک چالاکوان سەرپەرشتیدەکەن‌و پێی ھەڵدەستن‌، گرنگه‌ ڕه‌چاوى سێ خاڵ بكه‌ن".

ده‌شڵێت:"یه‌كه‌میان، کاتەکە ھەستیارەو سەروبەندی ھەڵبژاردنەو مەترسی زۆرە، ئەم کەیسە مرۆییە لەلایەن حزبەکان‌و کاندیدەکانەوە بکرێت بەبابەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، خۆزگە دوادەخرا بۆدوای ڕۆژی دەنگدان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "دوه‌میش، ئەگەر دوانەخرێ‌و لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێ، ھیوادارم سەرپەرشتیاران ڕێگه‌نەدەن ئەو کەیسە بکرێتە کەیسێکی سیاسی‌و بانگەشەی ھەڵبژاردن لەلایەن ھیچ کاندیدو حزبێکەوە، بەڕاستی کارێکی نائەخلاقیە ھەر کاندیدو حزبێک ئەم کەیسە بکاتە بانگەشەی ھەڵبژاردن‌و یاری بەئازارەکانی خەڵک بکات بۆ بەرژەوەندی سیاسیی خۆی".

وه‌كو ده‌ڵێت:"بەڵام گرنگە حزبەکان‌و جەماوەرەکەیان بەشداری بەرچاوو فراون بکەن بێئەوەی بیقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسیی‌و ھەڵبژاردن، لێرەدا دەردەکەوێ کە بەڕاستی دژی نادادپەروەرین یان نا، بەڕاستی لەبەرەی خەڵکن یان نا؟".

له‌سێیه‌م تێبینیدا حاكم شێخ له‌تیف ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "ھیوادارم واش پیشان نەدرێ کە ئەمە دژی لایەنێکە «بەتایبەتی ئەگەر ھەر لەشارو شارۆچکەکانی ناوچەی سلێمانی ئەنجامدرا»، چونکە لەھەردوو ناوچەکە پێشێلکاریی‌و دەستتێوەردانی دادگا وەک یەک ھەیە، سەرەڕای ئەوە سەرۆکی حوکمەت وەک سەرۆکی حکومەت تەدەخولی کردوە لەکەیسەکە، حوکمەتیش ھەمولایەنە بەشدارەکانی وەک یەک بەرپرسن، چونکە کاتی خۆی بێدەنگبون‌و قبوڵیانکردوە، «ئێستا گرنگ نییە بۆ بانگەشە قسەیەک دەکەن».

به‌وته‌ى ئه‌و، "تەنانەت ھێزەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتیش بەرپرسن کە تائێستا نەماندیوە ھەڵوێستێکی جدیان ھەبێ بۆ نمونە داوای کۆبونەوەیەکی پەرلەمان بکەن بۆ ئەو مەبەستە یان کۆبونەوەیەکی پەرلەمانی لەسەر تێکبدەن یان ھەر ھەڵوێستێکی تری جدی وەک حزب‌و کوتلە نەک وەک ھەڵوێستی فەردی تاک پەرلەمانتار".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار