عەبدولـلەتیف سەلەفی چەند پێشنیارێك دەداتە مەسرور بارزانی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆدەبێتەوە و چەندین پێشنیارێك بۆ بەرژەوەندی گشتیی و خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگە دادتە مەسرور بارزانی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد بە پێویستیی زانی، زانایانی ئایینی، رۆڵی ئەرێنی خۆیان، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بگێڕن. هەروەها باس لەوە کراوە کە عەبدولـلەتیف ئەحمەد کۆمەڵێک پێشنیازی "بە سوودی" بۆ بەرژەوەندی گشتیی خستووەتەڕوو.
ئەمرۆ شەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد ناسراو بە عەبدولـلەتیف سەلەفی کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی زانایانی ئایینی کوردستان کردووە لە "بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و رەتکردنەوەی هزری تووندڕەوی و برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێویستیی زانیوە "زانایانی ئایینی، رۆڵی ئەرێنیی خۆیان، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازی و لێبوردەیی و داکۆکیکردن لە دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بگێڕن".
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە لە دیدارەکەدا د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد، "کۆمەڵێک پێشنیاری بە سوودی بۆ بەرژەوەندی گشتیی و خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگە" خستووەتەڕوو.
