دەزگای پاراستن و زانیاری: مام جەلال، سەرۆكایەتی پەڕینەوەی عێراقی كرد لە كۆماری تیرۆرو ترسەوه بۆ كۆمارێكی فیدراڵ

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری-زانیاریی هەرێمی كوردستان لە چوارەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:" مام جەلال، سەرۆكایەتی پەڕینەوەی عێراقی كرد لە كۆماری تیرۆرو ترسەوه بۆ كۆمارێكی فیدراڵ ".

ئەمرۆ شەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2021،ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری-زانیاریی هەرێمی كوردستان لەهەژماری خۆی بڵاویكردووەتەوە:" سەرۆك مام جەلال، صەمامی ئەمانی عێراق، ئەندازیاری ئاشتیی هەرێمی كوردستان و خوڵقێنەری پرۆژەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكان بوو لە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان."

دەقی پەیامەكە

لە چوارەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سكرتێری گشتی یەكێتی و یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراقی فیدراڵدا، سەری رێزو وەفا بۆ حەفتا ساڵ خەباتی نەپساوەی مامی گەورەی كوردایەتی دادەنەوێنین. 
سەرۆك مام جەلال، لە تەمەنی پڕ بەرهەمی خۆیدا، بە ئامانجی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كوردستان و دیموكراتی و فیدراڵی بۆ عێراق، بۆ سەروەریی یاسا، بۆ ئاشتی و ئازادی گەلانی عێراق و ناوچەكە تا دوا نەفەس بێ وچان تێكۆشا. ئەم كەسایەتییە بێ وێنە و كاریگەرەی مێژوومان، داهێنەری چەمكی سیاسەتی حەكیمانەبوو. لە كایەی سیاسی و بەڕێوەبردن و بەشداریی نیشتمانیی كوردستانی و عێراقیدا، رەخسێنەری زەمینەی چەپكە گوڵی بەشداری بوو بۆ هەموو هێز و لایەن و كەمینەكان. سەرۆك مام جەلال، صەمامی ئەمانی عێراق، ئەندازیاری ئاشتیی هەرێمی كوردستان و خوڵقێنەری پرۆژەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكان بوو لە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان. لە كۆنترۆڵكردنی قەیرانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانیشدا، رۆڵی گەورە و یەكلاكەرەوەی دەبینی. تا سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بزوێنەری خەباتی بەرەیی، پشتیوانی مافی ژنان و هەڤاڵی هەموو دەنگدەر و ئەندام و كادرێك بوو. میوان و خانەخوێی هەموو چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان بوو. لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، باڵیۆزی پڕ ئەزموونی ناساندنی ئێش و ئازار و داوا ڕەواكانی گەلی كورد بوو‌. چاودێر بوو بەسەر حیزبەوە و لەرێی بەشداریی سیاسییشەوە، ئەندازیاری ئاوەدانیی كوردستان. بەهۆی قووڵایە رۆشنبیریی و خەباتە بێ وێنەكەشیەوە، پاڵپشتی هەموو ئەفراندن و پێشخستن و كرانەوەیەكی رۆشنبیریی و سەنگەری بەهێزی بەرگری بوو لە ئازادی رادەربڕین. لە پێگەی سەرۆكایەتی كردنی عێراقی فیدراڵیشدا، مامی گەورەمان، سەرۆك مام جەلال، سەرۆكایەتی پەڕینەوەی عێراقی كرد لە كۆماری تیرۆر و ترسەوه،‌ بۆ كۆمارێكی فیدراڵ و فرەدەنگ و تەوافوقی و دیموكرات. هەوڵی زۆریدا بۆ پاراستنی ئاشتەوایی و رێگرتن لە ترازانی تانوپۆ كۆمەڵایەتی و نیشتمانییەكانی گەلان و پێكهاتەكانی عێراق. لە كاتێكدا كە رووبەڕووی تیرۆر راوەستابوو، رێگەیشی نەدە‌دا كەمینە مەزهەبی و نەتەوەییەكان بەو بیانوانە ریشەكێش و قەڵاچۆ بكرێن و كارایی و كاریگەرییان نادیدەبگیرێت. گەرچی بەغدادی بە پایتەختی بەرگریی لە مافە نەوەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و عێراقیش دەبینی، بەڵام لەسەر یەك بست لە خاكی كوردستان، سازشی نەكرد و هەموو هەوڵێكی دا مافەكانی گەلەكەمان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بچەسپێنێت و لەگەڵ هەڤاڵ و هاوسەنگەرانیدا، بۆ پاراستنی ئەم گەلە بەشمەینەتە‌ لە زوڵم و زۆر و داگیركاریی، بناغەیەكی پتەویان داڕشت. 
هەڤاڵ مام جەلال، مامۆستا و رێبەرێكی نمونەیی و مێژووكردی گەلی كوردستانە و ئێمە كە خۆمان بە خوێندكاری ئەو رێبازە نیشتمانی و كوردستانییەی سەرۆك مام دەزانین، لە بۆنەیەكی ئاوادا، بەڵێن دەدەین حیكمەت و مرۆڤدۆستی و ئامانجە باڵا نیشتمانییەكان بكەینە شاڕێگەی خەباتمان و بۆ هەمیشه،‌ یادی ئەم سەركردە ناوازەیەی یەكێتی و گەلی كورد، یادی ئەم سەرۆكە مەزنەی عێراق، بەرز رابگرین و بۆ ئێمە ڕێنما و نموونەی باڵای كار و خەباتمان بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار