ئیلهام ئەحمەد: بایدن دڵنیایی پێداوین کە هێزەکانیان لە سوریا ناکێشنەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی رایگەیاند:" ئەوان پشتیوانی گفتوگۆی ناوخۆی خەڵکی سوریا دەکەن و ئیدارەی بایدن دڵنیاییان پێداوین کە هێزەکانیان لە سوریا ناکێشنەوە".
ئەمرۆ شەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2021، ئیلهام ئەحمەد، لە ئەمریکاوە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند: ئەوەی لە گەورە بەرپرسانەوە بیستوومە ئەوەیە کە ئەم ئیدارەیەی ئەمریکا هێزەکانی لە سوریا پاشەکشە پێناکات.
هاو سەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات وتیشی “ئێمە زۆر حەزمان لە دیالۆگی ناوخۆیی نێوان سوریەکانە و ئەمە ئەو شتەیە کە جەختی لەسەر دەکەینەوە کاتێک باس لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ واشنتۆن و مۆسکۆ دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە وتووێژەکانی ئاشتی لە جنێف و لە رێککەوتنە سیاسییەکانی دیکەی نێودەوڵەتیدا ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی نوێنەرایەتی ناکرێت وتیشی “ئەگەر ئێمە قسە لەسەر پرۆسەیەکی سیاسی جدی بکەین، پێویستە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات نوێنەرایەتی هەبێت”.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە کە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دوای سەردانی دێت بۆ رووسیا باسی لەوەشکرد، کوردانی سوریا حەزیان لە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا هەیە.
هاوکات رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، وەفدەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ئیلھام ئەحمەد لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە ئیدارەکەی بایدن کردووە، یاسای قەیسەر کە سەپێندراوە بەسەر حکومەتی دیمەشقدا، لەسەر ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا سوک بکات، تا ئەو وادەیەی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ دیمەشق دەستپێدەکات.
