قوباد تاڵەبانی: كێشەی یەكێتی لەلایەن حزبەوە چارەسەر دەكەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" یەکێتی لە 40ساڵی رابردوو گرفتی هەبووە و رووبەروی بۆتەوە، ئێستا و داهاتووش کێشە هەبێت یەکێتی زاڵ دەبێت بەسەریاندا" دەشڵێت، "کێشەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەڕێگەی حزبەوە چارەسەر دەکرێ".
ئەمڕۆ یەکشهممه 3ی تشرینی یەکەم 2021، چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی لەسەر مەزاری مام جەلال. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:""ئەوەی قبوڵی ڕەخنە ناکات بابڕوات ئیشێکی تر بدۆزێتەوە واز لەسیاسەتبهێنێت".
ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق تێدەپەڕێت، قوباد تاڵەبانی، کوڕی مام جەلال و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان کە لە یەکێتی و گۆڕان پێکهاتووە، بەو بۆنەیەوە لە وتارێکدا سووربوونی خۆی لەسەر یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی رادەگەیێنێت.
لە وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، مام جەلال بەر لەوەی لە ساڵی 2017 کۆچی دوایی بکات، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان "خەونی یەكڕیزی و گێڕانەوەی برایەتی جارانتان هەبوو کە لە دەباشان هێڵە گشتییەکانتان بۆ راکێشاین، وا ئێمە هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئەو خەونەی ئێوە دەنێین و سوورین كۆتایی بە هەموو دابەشبوونێك بهێنین و یەكێتی و گۆڕان بكەینە بەرە و هاوپەیمانێتییەكی سیاسی."
جەلال حوسامەدین نوروڵڵا نووری، لە ساڵی 1933 لەدایکبووە و بە مام جەلال ناسرابوو، سکرتێری پێشووی یەکێتی و سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق بوو. لە ساڵی 2012 بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە رەوانەی ئەڵمانیا کرا، رۆژی سێشەممە 3ـی ئۆکتۆبەری 2017 لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.
بە وتەی قوباد تاڵەبانی، سووربوونەکەی بۆ ئەوەیە ئەو یەکگرتنەوەیەی یەکێتی و گۆڕان "ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو كۆمەڵانی خەڵكی کوردستان."
قوباد تاڵەبانی لەبارەی باوکی و یەکێتییەوە نووسیویەتی، "دڵمان پڕە و هێشتا خەمباری ماڵئاوایی تۆین، بەڵام ئاسودەین كە لە هەوڵی گەیاندنی كاروانەكەتین بە دوا مەنزڵ، خەریكبوو ئەو یەكێتییەی هەموو ژیانی خۆتت لەسەر دانا بەرەو هەڵدێر بڕوات، بەڵام شانمان دایە ژێر باری راستكردنەوەی و ئێستا لەگەڵ ھەڤاڵان خەریكین هەنگاو بەهەنگاو بیخەینەوە سەر راستەڕێگەكەی تۆی مام و رابەر."
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کردووە کە "خەمێكی قووڵی" مام جەلال ئازادی و داكۆكیكردن بووە لە جیاوازییەکان، پاراستنی شکۆی نووسەران و رۆشنبیران، ئەو پێی وابووە، ئازادی مافێكی خۆڕسكە و "تەنانەت بۆ تانەدان و رەخنەی تووندیش لەخودی خۆت" بۆیە دەڵێت، "ئێمەش هەر لەسەر باوەڕی تۆین و گفت و بەڵێنمان ئەوەیە تا ئەو جێگایەی دەسەڵات و توانامان هەبێت، نەهێڵین گیراوی بیر و رۆژنامەنووسی زیندانیكراو و سەركوتكردنی رەخنەگرتن هەبێت و هەر بۆ پرەنسیپی چەپكە گوڵەكە تێدەكۆشین."
