بافڵ تاڵەبانی: لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆی مام و کاک نەوشیروان داین

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

لە چوارەمین ساڵیادی ماڵئاوایی مام جەلال بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خۆمان ئامادەکردووە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان". 

بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ یەک شەممە 3ی تشرینی یەکەم لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا یەکێتیمان لە ھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتوشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێکیدەخەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەرکی ئێمەیە بەرنامەکەت تەواوبکەین و یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزین، ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێکی تر دڵنیات بکەمەوە و ویژدانم ئاسودەبکەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێکی زۆر دواجار بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگاکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لە ھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت". 

باسیلەوەشکردووە، "راستە رێگری ھەبو بەڵام لەم کاروانەدا تەنھا نەبوین و تەنھا نین، پێکەوە ھەمومان تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەھیدان، ھەڤاڵان و کادران یەکێتیمان پاراست و لەخەمی یەکێتیدا بوین، وەک سەردەمی رابەرایەتی تۆ ئێستا یەکێتی و یەکێتییەکان ئازاو ئازادن کار بۆ ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر دەکەن".

بافل تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و هاوکات کوڕی مام جەلال ئەوەشیخستۆتەڕوو، ''لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەکێتییەکەمان و گۆڕانەکەی کاک نەوشیروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکیان بەجێگەیاند و پێکەوە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاودەنێن و لە ھاوپەیمانیەتییەکەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵک و کێشە بنچینەییەکانی ھەرێم و پارسەنگی ھێز و مافە دەستورییەکانمان راوەستاوین، ھاوپەیمانی کوردستان وەفادار دەبێت و کار بۆ ژیانێکی باشتر و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکات، خۆمان ئامادەکردوە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان".

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:

لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا بەشکۆوە رادەمێنم و تاوێک لە خەباتی رابەر و رۆشنکەرەوەی بیری کوردایەتی و بڵێسەی شۆڕشی نوێ، پشوودەدەم و بەدەم گەشبینی، ھیوا و ئومێدەوە بۆ ئاسۆیەکی روونتر ھەنگاودەنێم.

ھەنگاوی وەفاداری دەنێين و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەکیمانەی مام ڕێدەکەين و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێکیدەخەینەوە.

وەفادار بۆ یەکێتی و مێژووی پڕسەروەری مام

ئەرکی ئێمەيە بەرنامەکەت تەواوبکەين و یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزين. ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێکی تر دڵنیات بکەمەوە و ویژدانم ئاسوودەبکەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێکی زۆر دواجار بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگاکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لەھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت. راستە رێگری ھەبوو بەڵام لەم کاروانەدا تەنھا نەبووین و تەنھا نین، پێکەوە ھەموومان تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەھیدان، ھەڤاڵان و کادران یەکێتیمان پاراست و لەخەمی یەکێتیدا بووین، وەک سەردەمی رابەرایەتی تۆ ئێستا یەکێتی و یەکێتییەکان ئازاو ئازادن کار بۆ ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر دەکەن.

لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەکێتییەکەمان و گۆڕانەکەی کاک نەوشيروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکیان بەجێگەیاند و پێکەوە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاودەنێن و لە ھاوپەیمانیەتييەکەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵک و کێشە بنچینەییەکانی ھەرێم و پارسەنگی ھێز و مافە دەستوورییەکانمان راوەستاوین. ھاوپەیمانی کوردستان وەفادار دەبێت و کار بۆ ژیانێکی باشتر و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکات. خۆمان ئامادەکردووە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان.

کەرکوک و کەرکوکییەکان، خانەقینییەکان، شەنگال، مەخمور و ئازیزانمان لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەبەرامبەر بەڵێنی سەرۆک مام جەلال و خەمی کوردستانی بوونی ئێوە وەفادارین و لەئاست بەرپرسیارێتی پەیمانی مام دەبین و قودسی کوردستان قوڵایی ستراتیژی خەباتمان دەبێت و بەگیانمان دەیپارێزین، بۆ ھەمیشە لەگەڵتانین و شارەکەی خۆمان جێنەھێشتووە و جێی ناھێڵین، وەفا و وەسێتی باوکمانە و دەیپارێزین....

بۆ تۆی باوکیش بیرت دەکەم، زۆرجار لەبەرامبەر مەزنیت، رابەرایەتی و پێشەواییت، داکۆکیت لەمافە گشتییەکان و ئازادی رادەربڕین و تەبایی و یەکڕیزی گەلی کورد، خەمت بۆ نیشتمانێک کە رەنگدانەوەی ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان بێت، رادەمێنم و بەڵێن بە رۆحت دەدەم کە ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەمانەتەوە بەجێ بگەیەنم و مەشخەڵی شۆڕشی نوێ و یەکێتییەکەت بڵێسەدارتر بکەم. ئارامی بۆ ڕۆ‌حی مەزنت و رێگات رۆشن و یەکێتییەکەت ئاوەدانتر باوکە گیان.

کوڕی خۆت

بافڵ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار