وتەبێژی حکومەت: 200 ملیارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێم

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا 200 ملیارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان ."

ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 3ی تشرینی یەکەم 2021، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەڵمەتێکی بۆ پەرەدان بە تواناکانی ئافرەتان و برەودان بە چیرۆکە سەرکەوتووەکان رێکخست، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ژمارەیەک کۆنسوڵ بەشداربوون. 

د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند:" "ئەم 200 ملیارە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا 200 ملیارە نەهاتووە و ئومێدەوارین تاوەکو پێنجشەممە بێت."

چەند رۆژێکە لە چەند شوێنێکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نرخی بووتڵێک غاز بووەتە 12 هەزار دینار وتی "لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و کۆمپانیاکانی بەرهمهێنانی غاز و بریکارەکان قسەمان کردووە. پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا نرخەکەی بگەڕێتەوە دۆخی پێشتر."

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "کێشەی غاز نەماوە و بەمزووانە بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێت."

بڕیارە ئەمساڵ بەرمیلێک نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشبکرێت، جووتیار عادل وتی "تاوەکو ئێستا دیارنییە نرخەکەی چەندە، بەڵام دیاریکراو دەبێت و نەوتە سپییەکەش بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەبێت و لە عێراق دەیکڕینەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین."

بەوتەی جووتیار عادل، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق کۆببنەوە "رێککەوتن لەسەر بڕی نەوتەکە دەکرێت و دواتر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار