200 ملیار دینارەکە لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 هاوڵاتى

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند:" 200 ملیار دینارەکە لە بەغداوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی رۆژی 23-09-2021 کۆبووەوە و بڕیاریدا 200 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سێیەم مانگی لەسەریەک رەوانەی هەولێر بکات.

پێشتریش جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەگەر لە بەغداوە 200 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان بگات، مووچەی مانگی 9 بەبێ لێبڕین بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان دابەشدەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 10 رۆژە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ لێبڕینی مووچە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کردووە.

لە کۆتایی مانگی ئادار پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا. بەپێی یاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، عێراقیش لە بەرامبەردا مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار