پارێزەری دەمیرتاش: ئازادبونی دەمیرتاشو هاوڕێکانی نزیکە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پارێزەری تایبەتی هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە ڕایگهیاند:"ئازادبونی دەمیرتاشو هاوڕێکانی نزیکە".
ئەمڕۆ دووشهممه 4ی تشرینی یهكهمی 2021، ڕەمەزان دەمیر پارێزەری تایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە کە لەنۆڤەمبەری ساڵی 2016وە لەزیندانی ئەدرنەدا زیندانیکراوە، سەبارەت بەکۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەی لەلایەن لیژنەی وزاریی ئەنجومەنی ئەوروپاوە درابوو بەتورکیا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش کە ڕۆژی 30ی سێپتەمبەری ڕابردوو بوو، ڕونکردنەوەیداوە.
دەمیر لەبەشێکی لێدوانەکەیدا دەڵێت:"تورکیا ناتوانێت تاسەر بەرەنگاری بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ببێتەوە، لەبەرئەوەی تورکیا لەو بابهتەدا گەیشتۆتە کۆتایی ڕێگاکە".
پارێزەرەكەی وتویەتی:"جیهان ئێستا هەموو شتێک دەبینێتو دەزانێت لەبارەی دەمیرتاشەوە چی دەگوزەرێت، ئەو ئاگاییەش دەستەبەری ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات، لەماوەیەکی نزیکدا ئەوو هاوڕێکانی ئازاد دەکرێن".
لیژنەی وزاریی ئەنجومەنی ئەوروپا کە چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکات وتویەتی:"زیندانیکردنی 4 ساڵو 8 مانگی دەمیرتاش بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تیرۆر ئامانج لێی تەنها هێشتنەوەیەتی لەزیندانو ڕێگریکردنییەتی بۆئەوەی بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکات".
سهڵاحهدین دهمیرتاش ھاوسەرۆكی پێشوی ھەدەپە له4ى 11ى 2016 لەگەڵ ژمارەیەك لەسەركردەو پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان (ههدهپه) بهتۆمهتی ھاوكاریكردنو بانگەشەكردن بۆ پەكەكە، لەلایەن حكومەتی توركیا دهستگیركران.
