مەسرور بارزانی: كەسانێك دەنێرینە پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان کوردستان نەکەنە قوربانی
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەسرور بارزانی رایگەیاند:"ئێمە ئاغا و کوێخا نین و، هەروەها بە پێویستی دەزانین کەسانێک بنێرنە بەغدا کە خۆیان بکەنە قوربانی بەرژەوەندیی گەل و وڵات، نەک کەسانێک بن بۆ بەرژەوەندیی کەسی خۆیان و حزبەکانیان کوردستان بکەن بە قوربانی".
ئەمڕۆ دووشهممه 4ی تشرینی یهكهمی 2021، مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بانگەشەی حزبەکەی لە هەولێر بۆ پاڵپشتی لە بەربژێرەکان و سەرخستنیان بۆ پەرلەمانی عێراق گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند: "ئێمە هەمیشە خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک زانیوە، قەت داوامان نەکردووە ببین بە ئاغا و کوێخا بەسەر هیچ لایەنێک و هیچ ناوچەیەکەوە".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێشێلکراون، مەسرور بارزانی وتی: "دەبێت بزانین چ جۆرە کەسانێک بنێرینە بەغدا، تاوەکو شەڕ لەسەر ئەو مافە دەستوورییانە بکات، بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە دەستوورییانەی لە دەستوور هاتوون و تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون. بۆیە پێویستە کەسانێک بنێرینە بەغدا کە خۆیان بکەن بە قوربانی بەرژەوەندیی گەل و وڵات، نەک کەسانێک بن بۆ بەرژەوەندیی کەسی خۆیان و حیزبەکانیان کوردستان بکەن بە قوربانی".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، "پێشتر زۆر کەس بە دەنگی هاووڵاتیانی کوردستان هەڵبژێردران و چوونە بەغدا، زۆریان بە ئەمانەتەوە ئەرکەکانیان بەجێگەیاند، بەڵام هەندێکیشیان لە جیاتی ئەوەی داکۆکی لە دەستبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن لەوێ داوای بڕینی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان و دابەشکردنی کوردستانیان دەکرد، بەڵام بە پشتیوانی خودا و هێزی ئێوە نەمانهێشت و قەتیش واز لە هیچ مافێکی خۆمان ناهێنین و ناکەوینە ژێر هیچ پاڵەپەستۆیەک، بەردەوامیش دەبین لە دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی کە تاوەکو ئێستاش نەهاتوونەدی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی وتیشی، "هێشتا زۆر مافی ئێمە هەن کە بەداخەوە پێشێل کراون و نەهاتوونەدی، زۆر هەوڵدرا هەموو کێشەی کورد و کوردستان لە پرسی بودجە و مووچەدا بچووک بکەنەوە، بەڵام ئێمە قەت و قەت خەباتمان لەپێناو مووچە و بودجە نەبووە، راستە دەمانەوێت بژێوی خەڵک رۆژ بە رۆژ باشتر ببێت، کوردستان رۆژ بە رۆژ پێش بکەوێت، بەڵام زۆر مافی دیکە هەن کە نەهاتوونە دی، پێویستە بۆ ئەوانەش کارو خەبات بکەین".
