ئەنجوومەنی ئاسایش دانپێدانانی گروپی گۆڤەند بڵاودەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەنجوومەنی ئاسایش هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" گرووپێکیان دەستگیرکردووە بە ئامانجی وەرگرتنی پارە و باج لە گەنجان، وێنە و ڤیدیۆی ئابڕووبەرانە و نهێنیی تاکەکەسییان بڵاوکردووەتەوە.
ماوەیەک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند کەسێک ڤیدیۆی خۆیان بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای لێبووردنیان لە کەسێک بە ناوی "گۆڤەند" دەکرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت کە گرووپێکیان دەستگیرکردووە کە سەر بە ئەو کەسە بوون و دانیان بە تاوانەکەیان ناوە.
کوڕێکی تەمەن 24 ساڵ کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، لە ڤیدیۆکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا دەڵێت، لە 16-08-2021 بە هۆکاری ئەوەی ئەدمین بووە لە پەیجی "گۆڤەند سی تی ئێس" دەستگیرکراوە.
ئەو گەنجە ناوی چەند کەسێکی دیکە دەهێنێت و دەڵێت، "پەیجی گۆڤەند سی تی ئێس کە خاوەنەکەی گۆڤەند بوو چەند ئەدمینێکی هەبوو لە گرووپ چاتەکەی، یەکێکیان لەوانە من بووم کە بە ناوی لیۆ بووم". هەروەها دەشڵێت، شەعبان و عەلی ئەکسسیش بووە کە هەردووکیان هەر گۆڤەند بوون.
ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، دەستیان بەسەر مۆبایلی یەکێک لە تاوانباران گرتووە کە هەزاران وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی هاووڵاتییانی تێدا بووە.
کوڕێک لە ڤیدیۆکەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، گۆڤەند هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دەیوت، "ڤیدۆیەکی تۆم لەلایە لەگەڵ کچێکیت"، ئەگەر ڤیدیۆی کچێکی دیکەی بۆ نەنێرێت، بڵاوی دەکاتەوە و ئابڕووی دەبات، کەسەکەش لە ترسی خێزانەکەی ڤیدیۆیەکەی بۆ گۆڤەند دەنارد. دواتر داوای دەکرد کە ڤیدیۆی کەسی دیکەشی بۆ بنێرێت.
