ئەردۆغان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی کۆدەبێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ هەردوو سەرکردەی سوننەی عێراق محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵەکانی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە نووسینگەی خۆی لە ئەنقەرەی پایتەخت پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، دیدارەکەی نێوان هەردوولا دوور لە چاوی دەزگاکانی راگەیاندن بەڕێوەچوو."
بەپێی ئاژانسەکە هەر ئەمڕۆ: "سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە خەمیس خەنجەر، ئەمینداری گشتی حزبی پرۆژەی عەرەبیی لە عێراق کرد."
سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، خەمیس خەنجەر، کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمە، ئەمڕۆ، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "دیدارێکی گرنگ بوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە دۆخی سیاسی ناوچەکە؛ لەگەڵ گرنگی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و کۆماری تورکیای دۆست بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ئابووریی عێراق."
بە وتەی خەنجەر، هەردووکیان جەختیان کردووەتەوە کە "بەتووندی قۆستنەوەی سنووری عێراق لە لایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەئامانجکردنی خاکی عێراق و تورکیا رەتدەکەینەوە." دەشڵێت، "هەر لە دیدارەکەمان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بە ناوی برایەتی نێوان هەردوو گەلەکەمان داوای نەهێشتنی ڤیزەمان کرد لە نێوان عێراق و تورکیا، هەر لەو چەند رۆژەدا رێکاری کرداری دەستپێدەکەن بۆ کەمکردنەوەی کۆتەکانی سەر گەشتکردن بە تایبەت بۆ نەخۆشەکان و خوێندکاران و دۆخە مرۆییەکان و وەبەرهێنەران."
هاوکات ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ وێنەی دیداری ئەردۆغانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدومی عێراقی کرد"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاوبکاتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هەروەها وێنەی دیداری ئەردۆغانی لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم بڵاوکردەوە و رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی عەزمی عێراقی کرد"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاوبکاتەوە.
