كازمی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بەئەندامیەتی حەشدی شەعبی، بۆ وردبوونەوە لە روداوەکانی رۆژی هەینی شاری بەغدا. لیژنەکە دەستبەکاربووە و بەدواداچوون لەسەر هۆکار و لێکەوتەکانی کوژران و برینداربوونی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات.
فەرماندەیی پرۆسە سەربازییەکان ژمارەی قوربانییەکانی خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی 5-6-2021ـی بەغدای ئاشكرا نەکردووە بەڵام رایگەیاندووە بەرپرسی کەمتەرخەم دەبرێنە بەردەم دادگا بەهۆی کەمتەرخەمییان و سەرپێچیکردن لە فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکان، کە بەراشکاوی دووپاتیکردووەتەوە لەوەی نابێت تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێت بە فیشەکی زیندوو، بەهیچ جۆرێک.
کازمی هەروەها فەرمانیداوە بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی پێکدادانەکان، بڕیاریشیداوە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکان بکات.
ئەوە یەکەم خۆپێشاندانی تووندی نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و لایەنگرانی ئەو پارتە سیاسییانەی عێراقە کە ناڕەزاییان لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە و زۆرینەی خۆپێشاندەران لایەنگری حەشدی شەعبین.
ئێوارەی رۆژی هەینی خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی رابردووی عێراق، هەوڵیاندا بچنە نێو ناوچەی سەوز.
هێزە ئەمنییەکان رێگەیان لە خۆپێشاندەران گرت و تەقەیان بە ئاسماندا کرد، لە ئەنجامی دروستبوونی گرژی لە نێوانیاندا 125 کەس برینداربوون. وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، لەو 125 کەسە 27یان خەڵکی سڤیل بوون و ئەوانی دیکە ئەندامانی هێزە سەربازییەکانن.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ گیانلەدەستدانێک لە ئەنجامی دروستبوونی گرژییەکە لە ناوەندە تەندروستییەکان تۆمارنەکراوە.
