بڕیاری خەرجکردنی موچەی مانگی ئاب درا

3 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆبوونەوەی وەزیرە کوردەکان لەگەڵ سوودانی کۆتاییهات و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت نیشانداوە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغداوە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی فوئاد حوسێن و بەنگین ڕێکانی و خالید شوانی  لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هات و سوودانی بڕیاریدا مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سودانی لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە: "راستە گرفت لە میکانیزمی داهاتی نانەوتیدا هەیە، بەڵام ئەم گرفتانە نابنە بەربەست لەبەردەم ناردنی موچە."

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە "لە زوترین کاتدا" بڕیاری خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان دەدرێت، و پێشبینی دەکرێت بڕیارەکە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بێت.

بەپێی زانیارییەکان  محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە هەوڵدەدەن مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرین، بەڵام لەوە دەچێت میکانیزمەکانی ناردنی مووچە بکەوێتە سبەی چوارشەممە و وەزارەتی دارایی ڕابسپێرن بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی دەگەنە ڕێککەوتن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی حکوومەتی فیدراڵی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو ڕاوێژکارییەی لە ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە چووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، پشتی پێ نەبەسترێت تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی دەکرێت.

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دیکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئەو پرسە لە کۆبوونەوەکە باس نەکرا، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، ئەو سێ وەزیرە کوردە بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆران خەرج دەکەن تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی دەکرێت و مووچەکانی مانگەکانی دیکەش خەرج دەکرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار