وەزیری ناوخۆ: پرۆژەی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر شێوازی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێل رێککەوتوون و لە چەند مانگی داهاتوودا تابلۆکان لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێن". 

​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021،  رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بنەمای پرۆژەی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە؛ ئێمە نیازمان هەبوو تابلۆکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕین و بیانگونجێنین لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان؛ دواتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆی بەغدا هاتە سەر خەت؛ خۆشبەختانە وەزیری ناوخۆ لە حکومەتی فیدراڵیش پشتیوانی کرد؛ کۆنووسێکمان واژۆکرد و هەردوولامان لەسەر شێوازی تابلۆکان رێککەوتین؛ ئەوەی لەسەر رێککەوتووین لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت".

بە وتەی رێبەر ئەحمەد، هەم ئەوان و هەم حکومەتی عێراق گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هەیە کە "لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو گرێبەستە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند مانگی داهاتووشدا تابلۆکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێن".

سەبارەت بە بڕیاری پێدانی ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان لە هەرێمی کوردستان، کە لە عێراق بڕیارێکی لەو شێوەیە دەرچووە، وەزیری ناوخۆ گوتی: "لە عێراق بڕیارێک دەرچووە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021، بەڵام ئێمە پێشتر لە هەرێمی کوردستان، داوام لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ کردبوو سەرژمێرییەک بکەن بۆ ئەوەی بزانین چەند ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا یان تۆمارنەکراون هەن؛ ئێستا ئەو ئامارانەمان لەبەردەستە؛ داوام لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانیش کردووە خوێندنەوەیەک بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار