حکومەتی پۆڵەندا: سنورەكانمان پارێزراون و هێزە ئەمنیەكان زیاتر دەكەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا ڕایگەیاند:" ئێستا رووبەڕووی "سەختترین" دۆخ بووینەتەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی کێشەی کۆچبەران لەسەر سنوور". دەشڵێت:" سنوورەکەمان لەلایەن پاسەوانەکانەوە پارێزراوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر سنوور زیاد دەکەین".
وتەبێژەکەی حکومەتی پۆڵەندا ئەوەشی وتووە کە بێلاڕووس هاوکاریی ئەو کۆچبەرانە دەکات لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە بچنە وڵاتەکە و لەوێوە دەیاننێرێت بۆ پۆڵەندا.
جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئێستا "سنوورەکەمان لەلایەن پاسەوانەکانەوە پارێزراوە." هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر سنوور زیاد دەکەن، بەتایبەتیی لەو شوێنانەی کە ئەگەری هەیە هێرش بکرێتە سەریان. نایشی شارێتەوە کە هەوڵی زیاتر دەبێت لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ بڕینی سنوورەکەیان.
بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی پۆڵەندا، ئێستا سێ بۆ چوار هەزار کەس چوونەتە سەر سنووری وڵاتەکەیان، لەولاتریش هەزاران کۆچبەری دیکە خۆیان ئامادەکردووە.
سزاکانی سەر بێلاڕووس لەلایەن برۆکسلەوە لەو کاتەوە دەستیان پێکرد کە بێلاڕووس بەمەبەست فڕۆکەیەکی بەرەو وڵاتەکەی خۆی ئاراستەکرد کە لە یۆنانەوە بۆ لیتوانیا دەچوو، تاوەکو رۆژنامەڤانێک و هاوڕێ کچەکەی دەستگیربکات کە ئۆپۆزیسیۆن بوو.
سەرۆکی وڵاتەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە لەسەرین لەبارەی بەکارهێنانی کۆچبەران. هاوکات هێزی خزمەتگوزاریی سەر سنووری بێلاڕووسیش دەڵێت، ئەو کۆچبەرانە "هیچ مەترسییەک دروست ناکەن."
