ئەمریکا:  هێرشەکەی سەر کازمی لەلایەن میلیشیاکانی ئێرانەوە بوو

4 ساڵ لەمەوپێش



  هاوڵاتی

فەرماندەی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند:" هێرشەکەی سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوانکاری بوو، میلیشیاکانی ئێران ئەو هێرشەیان کردووە".

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2021، کینیت ماکینزی، فەرماندەی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند: "هێرشەکەی سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوانکاری بوو، میلیشیاکانی ئێران ئەو هێرشەیان کردووە، ئەو رووداوەش ئەمریکای نیگەران کرد".

کینیت ماکینزی وتیشی: "بینیمان گرووپەکانی سەر بە ئێران کە زانییان ناتوانن بە شێوەیەکی یاسایی دەست بە دەسەڵاتەوە بگرن پەنایان بۆ تووندوتیژی برد بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئەوەش باش نییە، بە دڵنیاییەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن بەرەنگاری ئەوە ببنەوە، بەڵام پەنابردنی میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لە لایەن ئێرانەوە بەشێوەیەکی ئاشکرا بۆ کردەوەی تاوانکاری دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەرانی دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق".

فەرماندەی فەرماندەیی سەربازیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکراشی کرد: "رێکخراوەکانی قاعیدە و داعش هەوڵی گەڕانەوە بۆ عێراق دەدەن، باوەڕیشم وایە هێزەکانی عێراق دەتوانن رێگە لەوان بگرن، ئێمەش بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنیان بەبێ بەشداریکردن لە شەڕی چەکداری".

هاوكات دوێنێ‌ دوو شەممە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی: ''ئەمریكای تۆمەتبارە  لە  تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراق.''

شەوی یەکشەممە 7-11-2021 بە سێ فرۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا. دوو لە فڕۆکەکان لە ئاسمان تەقێندرانەوە و یەکێکیشیان ئامانجەکەی پێکا. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار