ماکرۆن: وێستگەی ئەتۆمی زیاتر بنیات دەنێین
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆک کۆماری فەرەنسا رایگەیاند:" وڵاتەکەی دەستدەکاتەوە بە بونیادنانی وێستگەی وزەی ئەتۆمی زیاتر بۆ پەرەدان بە وزەی پاک، ئەمەش بۆ کەمتر پشتبەستن بەسەرچاوەکانی دیکەی وزە کە گازی زیانبەخش بە ژینگەدا بڵاودەکەنەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کاتی پێشکێشکردنی وتارێکی تەلەڤزیۆنی رایگەیاند، "بۆ زامنکردنی وزەی سەربەخۆی فەرەنسا و بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان، بەتایبەتیش نەهێشتنی کارۆن تاوەکو 2050، بۆ یەکەمجار لەدوای چەندین دەیە دەستدەکەینەوە بە بونیادنانی ریاکتەری ئەتۆمی لە وڵاتەکەمان".
ئەم وتارەی ماکرۆن لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە گڵاسگۆ، سەرکردەکانی جیهان جەختیان لە زیادکردنی وەبەرهێنان لەو وزەی پاکدا کردەوە.
لە کۆنفرانسەکەدا ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بڕیاریاندا بە هاوبەشی 8.5 ملیار دۆلار بۆ کردنەوەی پرۆژەی وزەی پاک لە ئەفریقیای باشوور دابینبکەن کە 87٪ی وزەی خۆی لە خەڵۆز بەرهەمدەهێنێت.
هەروەها ژمارەیەک رێکخراوی خێرخوازی و بانکی نێودەوڵەتی بڕیاریاندا بە دابینکردنی 10.5 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە وزەی پاک لە وڵاتە هەژارەکانی سەرانسەری جیهاندا.
هێزی با، تیشکی خۆر، تەوژمی ئاو و هەڵم بەشێکن لە سەرچاوەکانی وزەی پاک، کە وزەی سەوز و نوێبووەوەشی پێ دەگوترێت.
ئەو جۆرە وزەیەیە هیچ زیانێکی راستەوخۆی بۆ سەر کەشوهەوای زەوی نییە، بەڵکو بە فریادڕەسی جیهان دادەنرێت بۆ ئەوەی لە بری سووتەمەنی دیکەی وەک خەڵووز و نەوت و پێکهاتەکانی، بەکاربهێنرێت و هەسارەی زەوی لە زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا رزگاربکرێت.
بەگوێرەی سەنتەری ئەمریکی بۆ کەشوهەوا و چارەسەرە ژینگەییەکان، وزەی پاک 29٪ی هەموو ئەو وزەیە پێکدەهێنێت کە لە سەرانسەری جیهان بەکاردەبردرێت.
لە لووتکەی گلاسگۆدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت لە رێگەی تەکنەلۆژیا و داهێنانی زیاترەوە، ئەو رێژەیە بەرزتربکرێتەوە بۆ ئەوەی جیهان بە تەواوی لە گازە گەرمکەرەکان رزگاری بێت.
