یەکێتی ئەوروپا: دەبێت بیلاڕوسیا ئەو دۆخە چارەسەر بكات كە بۆ كۆچبەرانی دروست كردووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند:" ئەو کۆچبەرانە ناتوانن بۆ هەمیشە لەسەر سنورەکان بمێننەوە، پێویستە لەو دۆخە رزگاربکرێن، کە "بێلاڕووس دروستی کردووە".
جۆسێپ بۆرێل، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپادا، کە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکێشکرد و وتی ئەو کۆچبەرانە ناتوانن بۆ هەمیشە لەسەر سنورەکان بمێننەوە، پێویستە لەو دۆخە رزگاربکرێن، کە "بێلاڕووس دروستی کردووە".
بۆرێل جەختی کردەوە، کە کۆچبەران بە گوشارخستنە سەر سنوورەکان ناتوانن سنووری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ببڕن، بەڵام کە لەسەر سنوور گیریش دەخۆن مانای ئەوە نییە، لایەنی مرۆییان فەرامۆش بکرێت.
بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوروپا وتی بیر لە فراوانکردنی سزاکانی سەر بیلاڕووس دەکەینەوە، یەکێتییەکە خوێندنەوە بۆ ئەوە دەکات چۆن سزای نوێ بەسەر وڵاتەکە بسەپێنێ، بە سەپاندنی سزای نوێ ئەمە دەبێتە شەشەم پاکێجی سزادانی بێلاڕووس لە بەرامبەر دەستگیرکردنی رۆژنامەوانێکی رەخنەگر و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و هاوکات بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو چەکێک لە دژی یەکێتی ئەوروپا.
جۆسێپ بۆرێل ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو هەموو خەڵکە لەسەر سنووری بێلاڕووس کۆبوونەتەوە، بەتەنیا لایەنێک دەستی تێدا نییە، بەڵکو چەندین ئاژانسی گەشتیار و فڕۆکەوانی و خەڵکانێک ئاسانکاری بۆ ئەم گەشتەی کۆچبەران دەکەن.
زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر، کە زۆربەیان کوردن، لەسەر سنووری بێلاڕووس گیریانخواردووە، هەوڵدەدەن بپەڕنەوە پۆلەندا، بەڵام رووبەڕووی رێوشوێنێکی تووندی پاسەوانی سەر سنووری وڵاتەکە بوونەتەوە.
لەماوەی 24 کاتژمێردا پۆڵەندا 559 هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەرانی شکستپێهێناوە، هاوکات لەوەتەی ئەو قەیرانەی کۆچبەران سەریهەڵداوە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 9 کۆچبەر لەسەر سنووری وڵاتانی ئەوروپی لە دۆخی ناهەموار گیانیان لەدەستداوە.

