تورکیش ئێرلاین بە گواستنەوەی كۆچبەران بۆ بیلاڕوسیا تۆمەتبار دەكرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێڵی ئاسمانی تورکیا تورکیش ئێرلاین بە گواستنەوەی کۆچبەران بۆ بیلاڕوس تۆمەتبار دەکرێ، وەزیری دەرەوەی تورکیاش داوا لە هاوتا پۆڵەندییەکەی دەکات وەفدێكی تەکنیکی رەوانەی تورکیا بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە.  

ئاژانسی فەرمی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاند، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2021 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ، زبیگنیو راو، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا قەیرانی کۆچبەرانیان لە سنوری پۆڵەندا-بیلاڕووس تاوتوێکرد کە هێشتا بەردەوامە.

مەولوود چاوشئۆغڵو، ئاماژەی بەوەداوە، هەرچەندە کێشەکە کێشەیەکی تاکلایەنانە نییە، بەڵام خەمبارن بە تۆمەتبارکردنی تورکیا و هێڵی ئاسمانی تورکیا لەو چوارچێوەیەدا. 

چاوشئۆغڵو، ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە باس لە رۆڵی هێڵی ئاسمانی تورکیا دەکەن لە گواستنەوەی کۆچبەران بۆ بیلاڕووس.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتوویەتی: "پێویستە زانیاری راست بدرێت بە رای گشتی و داوای لە هاوتا پۆڵەندییەکەی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانە شاندێكی تەکنیکی رەوانەی تورکیا بکەن".

بەهۆی مانەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لە سنووری پۆڵەندا-بیلاڕووس کە هەوڵدەدەن بچنە ئەوروپا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆزی تێکەوتووە. 

بیلاڕووس، پۆڵەندا تۆمەتبار دەکات بە "رەفتاری نامرۆڤانە" لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی هەوڵدەدەن لەو سنوورەوە بگەنە ئەوروپا، لە بەرامبەردا حکومەتی پۆڵەنداش بیلاڕووس تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی ئەو کۆچبەرانە وەک چەکێکی سیاسی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار