قائانی بۆ لایەنەکان: دەبێت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران رایگەیاند:" قائانی پەیامی ئێرانی بە هەریەک لە لایەنە عێراقییەکان و کوردستانیەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، پەیامی ئێران لە ڕێگای قائانیەوە بۆ لایەنە عێراقییەکان ئەوەبووە و رایگەیاند:" دەبێت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن".
بەرەبەیانی حەوتی ئەم مانگە بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكرایە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوابەدوای ئەو هێرشە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتە بەغدا.
لەسەر سەردان و كۆبونەوەكانی قائانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی ئاغای قائانی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەو دیو سنور لە نێویشیاندا عێراق، بۆیە ئەوەندەی من بزانم و بیخوێنمەوە، ئەوەیە دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن، چونکە ئەمە سیاسەتێکی دروستە سبەی ئەگەر هەڵبژاردن بکرێتەوە کەواتە هەمان دەرگا بۆ لایەنەکەی تر دەکرێتەوە، بۆیە ئەم کێشمە کێشمە بەردەوام دەبێت کە لە زیانی خەڵکی عێراقە، با ڕازی بن بگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە کۆنەی کە حکومەتی لە دوای ٢٠٠٣ەوە پێکهات، کە بریتیە لە سازانی لایەنەکان.
بەوتەی دەباغ، پەیامی ئێران بۆ کورد ئەوەیە، کە کورد نەکەوێتە ناو بەرداشی ململانێی شیعە بەشیعە، کە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا ڕێکبکەون ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بکات.
لەبارەی پشتیوانی كورد بۆ لایەنەپێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراق، دەباغ وتی: کورد ناتوانێت بچێتە هیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر بوەستێتەوە چونکە بۆ ئێمە( کورد) نە ئێران ئەو هێزەیە کە بتوانێت لە هەموو کاتێکدا پارێزگاریمان لێبکات، نە ئەمەریکا و وڵاتانی تریش ئەو هێزەن تا ئەو متمانەیان پێبکرێت و پشتییان پێ ببەسترێت، کورد دەبێت بێ لایەن بێت.

